سەرۆكی زانكۆی سلێمانی داوا لە مامۆستایان قوتابیان دەكات كۆتایی بە بایكۆت بێنن

"بایكۆتكردن ھەم زیان بە ئێمە و ھەمیش بە قوتابیان دەگەیەنێت"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/75cb3018-5f21-46c8-896c-93dbe8c70d6f/konfarnsi%20rojnamawani%20zankoy%20slemani.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی زانكۆی سلێمانی  دكتۆر سەڵاحەدین سەعید، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوای لە مامۆستا و قوتابیانی زانكۆی سلێمانی كرد كۆتایی بە بایكۆت بھێنن و بگەڕێنەوە سەر دەوامی ئاسایی خۆیان، چونكە بایكۆتكردن ھەم زیان بە ئێمە و ھەمیش بە قوتابیان دەگەیەنێت.

دكتۆر سەڵاحەدین سەعید، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: " ئێمە ھاوسۆز بووین بۆ بەردەوام بوون لە بایكۆتكردن، بەڵام ئەو بایكۆتكردنە دەرەئەنجامێكی ئەو تۆی نەبوو، جگە لەو پێشنیازەی كە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرز كراوەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆیە بۆمان دەركەوت ئەو بایكۆتە تەنھا زیان بە خۆمان دەگەیەنێت".

سەرۆكی زانكۆی سلێمانی گوتیشی: "زەرەر مەندی یەكەم تیایدا خوێندكارانن، بۆیە ئێمە بە باشمان زانی بۆ ئەوی ئەمساڵی خوێندن نە فەوتێت لە 27 ئەم مانگە خوێندن لە زانكۆی سلێمانی دەستپێدەكاتەوە، ئەو مانگەی كە فەوتا بەھۆی بایكۆتكردن، دەتوانین قەرەبووی بكەینەوە".

لە 9 شوباتی ئەمساڵ مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی ھۆڵەكانی خوێندنیان بایكۆتكرد، ھۆكارەكەشیان بۆ نەبوونی مووچە گەڕاندەوە.