فڕۆکەکانی هاوپەیمانان پردی گەیارەیان خاپوور کرد

K24-هەولێر
فڕۆکە جەنگاوەرەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پردی گەیارەیان (80 کم باشووری رۆژئاوای هەولێر) لە نێوان شارۆچکەی مەخموور و شارۆچکەی گەیارەی سەر بە پارێزگای نەینەوا خاپوور کرد.
پردی گەیارە بە یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی چەکدارانی داعش بۆ پەڕینەوە لە ئاوی رووباری دیجلە بەرەو ناوچەکانی دەشتی گوێڕ و مەخموور لە باشووری رۆژئاوای هەولێر.
شانەی رۆژنامەوانیی جەنگ لە عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "قۆناغی یەکەمی هەڵمەتی رزگارکردنی شاری مووسڵ (405 کم باکووری بەغدا) لە بندەستی داعش دەستیپێکرد".
شانەی رۆژنامەوانیی جەنگ لە عێراق گوتیشی: "تا ئێستا چەند گوندێک لە بندەستی چەکدارانی داعش رزگار کراون و ئاڵای عێراقیان تێدا هەڵکراوە".
ئەمە لە کاتێکدایە ھێزەكانی سوپای عێراق بە ھاوكاریی ھێزەكانی پێشمەرگە لە ئێوارەی دوێنێوە ئامادەکارییەکانین دەستپێکردبوو بۆ ئەوەی بەرەو شاری مووسڵ پێشڕەوی بکەن.
پەیامنێری (كوردستان24) لە بەرەی گوێڕ لە باشووری رۆژئاوای هەولێرەوە رایگەیاند: ھێرشەكە دەستیپێکردووە و سوپای عێراق بە ھاوكاریی پێشمەرگە لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی سەرەتا ئەو هەڵمەتە لە ئازادكردنی چەند گوندێكەوە دەستپێبكەن لە دەشتی مەخموور.
گوتیشی: ھێزەكانی سوپای عێراق بۆ ئازادكردنی ئەو چەند گوندە لە پێشڕەویدان.
شاری مووسڵ لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 کەوتووەتە بندەستی چەکدارانی داعش، هاوکات بەپێی چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی و لایەنە پەیوەندیدارەکان شاری مووسڵ یەکێکە لە پڕدانیشتوانترین شارەکانی بندەستی داعش لە عێراق.
ئا: ئا ، ف