سوپا "چووە" نێو شارێکی بندەستی داعش

چەند رۆژێکە سوپای سووریا بەرەو شاری تەدموری بندەستی داعش لە پێشڕەویدایە

K24-هەولێر

تەلەفزیۆنی فەرمیی سووریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند هێزەکانی حکوومەتی سووریا چوونە نێو شاری تەدموری بندەستی داعش لە سووریا.

هاوکات روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بەرهەڵستکاری حکوومەتی سووریایە دەڵێ: "شەڕ هێشتا لە دەوروبەری شارەکە بەرپایە"، دوای پێشڕەوی بەرچاوی هێزەکانی حکوومەتی سووریا بەرەو رۆژئاوای شارەکە لە دوێنێ چوارشەممەوە.

کەناڵی ئیخبارییەی سەر بە حکوومەتی سووریا چەند دیمەنێکی دەوروبەری شاری تەدموری بڵاوکردەوە و گوتی: "هێزەکانی حکوومەت دەستیان بەسەر بەشی رۆژئاوای شارەکەدا گرت".

هەروەها ئاژانسی سووریا بۆ هەواڵ (سانا) چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە تێیدا فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای سووریا دەردەکەون لە ئاسمانی شاری تەدموردا دەفڕن، لەپاڵ دەرکەوتنی چەند هەلیکۆپتەرێک کە بۆردومان دەکەن و دەرکەوتنی هێزی سەربازیی و ئۆتۆمبێلی زیریپۆش کە بەرەو شارەکە پێشڕەوی دەکەن.

شاری تەدمور لە مانگی پێنجی ساڵی 2015 وە کەوتە بندەستی چەکدارانی داعش دوای ئەوەی چەکدارانی گرووپەکە سوپای سووریایان ناچار کرد لە شارەکە بکشێتەوە و ژمارەیەک سەربازی سوپای سووریایان کوشت.

ئا: ئا ، ف

Fly Erbil Advertisment