یۆنان لە سەر داوای یەكێتی ئەوروپا 2000 پەناخواز دیپۆرت دەكاتەوە

لە یۆنان چاڵاكوانان دژی دیپۆرتكردنی پەناخوازان خۆپێشاندان ئەنجام دەدەن

K24 – ھەولێر:

یۆنان زیاتر لە 2000 پەناخوازی دەستگیر كردووە و لە ناوەندەكانی تۆماركردنی یەكێتی ئەوروپا لە دوورگەكانی یۆنان دەستبەسەری كردوون لەسەر بڕیاری یەكێتی ئەوروپا دیپۆرتی وڵاتەكانیان دەكرێنەوە.

نەفەلێ گەزیز، خۆبەخشێكی یۆنانی لەمبارەییەوە دەڵێت: "ئەم خۆپیشاندانەمان رێكخستووە لە جیاتی پەناخوازان و بۆ داواكردنی مافەكانیان و نوێنەرایەتی كردنیان، كە لەودیوی دیوارەكان كپ كراون ئەمە بۆ ئەوەشە كە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا ھۆشیار بكەینەوە لەو خەوەی تێیكەوتوون لەو دیوی سنوورەكانی یۆنان و مەكدۆنیا كەس گوێ ناگرێت، ھەست بە تەنھایی دەكەین لێرە".

ئەو خۆپیشاندانە تایبەت دوای ئەوە ھات كە لە ھەفتەی  رابردوو بە نیازی ناردنەوەیان بۆ وڵاتەكانیان، زیاتر لە 2000 پەناخواز دەستگیر كراون و لە ناوەندەكانی تۆماركردنی یەكێتی ئەوروپا لە دوورگەكانی یۆنان دەستبەسەر كراوون، ئەو ھەڵمەتەی حكوومەتی یۆنان لە تەك بڕیاری وڵاتانی یەكێتی ئەروپا دێتە ھەژمار، بەتایبەت دوای ئەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا رایان گەیاند، كە پەناخوازی زیاتر وەرناگرن، ھاوكاتیش، سنورەكانیان بەڕووی پەناخوازاندا داخستووە و داوای یۆنانیان لەو پێناوە بۆ چەند جارێك رەت كردووەتەوە.