ئەمریکا: دووەم کەسی نێو داعش کوژرا

تورکمانێکی تەلەعفەرە.. تەواوی زانیاری لەسەر دووەم کەسی نێو داعش بزانە

K24-هەولێر

وەزیری بەرگریی ئەمریکا (بنتاگۆن)، ئاشتۆن کارتەر رایگەیاند هێزەکانی ئەمریکا چەند چەکدارێکی داعشیان کوشت کە عەبدولرەحمان مستەفا قادولیی دووەم کەسی نێو رێکخراوەکەیان تێدایە.

ئاشتۆن کارتەر راشیگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکەوتنی گرنگ لە دژی (داعش) لە عێراق و سووریا تۆمار دەکات و کوشتنی ئەم سەرکردەیە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تواناکانی رێکخراوەکە بۆ ئەنجامدانی هێرش لە نێوخۆی سووریا و عێراق و دەرەوەی ئەم دوو وڵاتە".

ئاشتۆن کارتەر گوتیشی: قادولیی بەرپرسی "وەزارەتی دارایی" داعش بوو و "ئێمە بە شێوەیکی رێکخراو سەرکردەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی لەناودەبەین".

ئەمە لە کاتێکدایە سەرەتای ئەم مانگە ئەمریکا کوژرانی ئەبو عومەر چیچانی، وەزیری جەنگی داعشی راگەیاند، کە لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە نزیکی شارۆچکەی شەدادیی لە باکووری سووریا کرابووە ئامانج.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەشی کرد کە: "ئێستا و لەم قۆناغە ئێمە بە ئاشکرا گوڕترین".

هاوکات چەند دەزگایەکی راگەیاندنی ئەمریکا، دوێنێ هەینیی، رایانگەیاند: قادولیی لە پرۆسەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا کوژرا.

هەروەها بی بی سی لە زاری چەند بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە رایگەیاند: قادولیی هاوڵاتییەکی عێراقییە و رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە هێرشێکی هێزە تایبەتەکەمان لە سووریا ئۆتۆمبێلەکەی کرایە ئامانج و قادولیی کوژرا.

بەرپرسەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەشڵێن: یەکە سەربازییەکە هەوڵیدا قادولیی دەستگیر بکات، بەڵام دۆخەکە پەرەی سەند و بووە هۆی کوژرانی قادولیی و سێ کەسی دیکە کە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا بوون.

پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 7 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات بۆ ئەو کەسە دیار کردبوو کە قادولیی دەستگیر دەکات.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە سایتی فەرمیی خۆی لەبارەی قادولییەوە دەڵێ: "لە ساڵی 2004 چوەتە نێو ریزەکانی باڵی رێکخراوی قاعیدە لە عێراق کە ئەبو موسعەبی زەرقاویی سەرکردایەتی دەکرد و پۆستی جێگری زەرقاویی و ئەمیری رێکخراوی قاعیدە لە مووسڵ هەبووە".

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەشڵێ: "بەرپرسێکی سەرەکیی نێو دەوڵەتی ئیسلامییە لە عێراق و شام (داعش) و دوای ئازادکردنی لە بەندیخانە لە سەرەتای ساڵی 2012 چووەتە نێو ریزەکانی داعش و دواتر چووە بۆ سووریا بۆ کارکردن لە نێو تۆڕی داعش کە بارەگای سەرەکیی لە سووریایە".

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەش دەکات کە: "قادولیی تورکمانێکی لە دایکبووی ساڵی 1957 لە مووسڵ و چەندین ناوی بۆ خۆی بەکارهێناوە وەک ناوەکانی (حاجی ئیمان، عەبدولرەحمان محەممەد مستەفا شێخڵەر، ئەبو شوعەیب، عومەر محەممەد خەلیل مستەفا، عەبدولرەحمان محەممەد بەیاتیی، تاهیر محەممەد خەلیل مستەفا ئەلبەیاتیی، ئەبو ئیمان، ئەبو حەسەن، ئەبو محەممەد، ئەبو زینە و .. هتد".

سەرچاوە: BBC، ئا: ئا ، ف

Fly Erbil Advertisment