جۆن کیری: ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی دیکە هەیە
"چەند چەکدارێکی بیانیی لە سووریاوە دەرچوون و ئێستا لە چەند ناوچەیەکی جیهان نیشتەجێن تەنانەت لە ئەمریکاش"

K24-هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کیری، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هەنگاوی جێگیر و لەسەرخۆ تواناکانی رێکخراوی داعش بۆ رێکخستنی ئەندامانی نوێ بۆ ئەنجامدانی هێرشی هاوشێوەی هێرشەکانی برۆکسل لەناودەبات، بەڵام لەناوبردنی هزری داعش چەند ساڵێک دەخایەنێ.
جۆن کیری لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنیدا راشیگەیاند: "پرسەکە چەند ساڵێک دەخایەنێ بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی هزری رێکخراوی داعش، کە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسانێک هێرشی هاوشێوە ئەنجام بدەن، هاوکات سەرەرای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دڵی رێکخراوی قاعیدەی لەناوبرد، بەڵام هێشتا چەند ئەندامێکی رێکخراوی قاعیدە هەن کە سەرچاوەی هەڕەشەن، هەرچەندە بەرچاویش نین".
جۆن کیری گوتیشی: "هێرشەکانی برۆکسل تەنیا لە دژی بەلجیکا نین بگرە لە دژی هەموو گەلانی شارستانن لە جیهان"، ئاماژەشی کرد کە: "ئەگەر لە داعش گەڕێین و چاودێریی نەکەین و ئەندامانی راونەنێین ئەوا ئەنجامەکان رووخێنەر دەبن".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە: "زانیاریی هەواڵگریی هەن باس لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی دیکە دەکەن، بەتایبەت چەند چەکدارێکی بیانیی لە سووریاوە دەرچوون و ئێستا لە چەند ناوچەیەکی جیهان نیشتەجێن تەنانەت لە ئەمریکاش کە نزیکەی 500 هاووڵاتیی چوونە بۆ سووریا بۆ چوونە نێو ریزەکانی داعش".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "پێموایە چەند فشار لەسەر رێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا زیاتر بوو ئەوا ئەگەر هەیە چەند ئەندامێکیان لەناکاودا کردەوەی تیۆرۆریستیی لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهاندا ئەنجامبدات" و جەختی کرد لەسەر ئەوەی کە دەبێ رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ رێگەگرتن لە هەر هێرشێک لە نێوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گوتی: "ئەمە کارێکی قورسە".
ئەمە لە کاتێکدایە لە رێکەوتی 22/3/2016 سێ خۆکوژ فڕۆکەخانە و ویستگەی میترۆی شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکایان کردە ئامانج و بوونە هۆی کوژرانی 31 کەس و برینداربوونی نزیکەی 300 کەسی دیکە.
سەرچاوە: AFP، ئا: ئا ، ف