رەجەب تەیب ئەردۆغان: نابێت پەكەكە ھاوكاری بكرێت

"ئەگەر ھەیە پەكەكە كردەی خۆكوژی لە ئەوروپا ئەنجامبدات"

K24 - ھەولێر

سەرۆك كۆماری توركیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان له‌ گوتارێكیدا لە بنكەی ئەقداغ لە ویلایەتی یوزگات رایگەیاند، ئەگەر بەرژەوەندییەكانی ئەوروپا و پەكەكە لەیەك نزیك نەبن، لەوانەیە پەكەكە كردەوەی خۆكوژی لە شارەكانی ئەوروپا ئەنجامبدات بۆیە نابێت ھاوكاری پەكەكە بكرێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا راشیگەیاند: ئەگەر بەرژەوەندییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) ئەوروپا لەیەك نزیك نەبن، ئەگەر ھەیە پەكەكە كردەی خۆكوژی لە ئەوروپا ئەنجامبدات، بۆیە نابێ رۆژئاوا ھاوكاری پەكەكە و رێكخراوەكانی نزیكی بكات.

سەرۆك كۆماری توركیا گوتیشی: لەوانەیە رۆژێك لە رۆژان پەكەكە كردەوەی خۆكوژی لە ئەمریكا و ئەوڕوپا و رووسیا ئەنجامبدات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان  ئاماژه‌ی بەوە كردووە، كە پەكەكە لە لەناوچوون نزیكبووه‌تەوە و ئەو لایەنانەی ھاوكاریان دەكەن لەناو دەچن.

ئەردۆغان دەشڵێت: رووسیا وادەزانێت كارێكی باشی كردووە بە كردنەوەی نووسینگەی پەیەدە لە مۆسكۆ، بەڵام رۆژێك دێت پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) لەدژی رووسیا دەست بە ھێرشكردن دەكات.