سەرۆک بارزانی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رووسیا مێژوویی و پتەو و دۆستانەیە
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026 سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە مەڕات رەژبەدینۆڤ کونسوڵی گشتیی نوێی رووسیا لە شاری هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان رووسیا و گەلی کوردستان و رۆڵی بارزانیی نەمر لە قووڵبوونی دۆستایەتیی نێوان هەردوولا دا، جەختی لە ویستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە. کونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر ئەوەشی خستەڕوو کە هەرێمی کوردستان بایەخێکی تایبەتی بۆ رووسیا هەیە و رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بەرز نرخاند و پێزانینی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان هەبوو.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرهێنانی کونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر کرد و وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی، پشتیوانیی خۆشی راگەیاند لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی وەک کونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر.
سەرۆک بارزانی پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کوردستان و رووسیای بە مێژوویی و پتەو و دۆستانە وەسف کرد و خوازیاری فراوانترکردنی ئەو پەیوەندییانە بوو.