داوا دەكرێت پێشمەرگە بەشداری بكات لە رزگاركردنی بەشیر

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/e0db3643-4ba6-4bed-aa69-9710b0793d10/turkmani%20xurmatu.ism/manifest

K24 - كەركووك:

تورکمانەکانی شارۆچكەی تازەخورماتوو و کەرکووك داوا دەکەن ھێزەکانی پێشمەرگە ھاوکاری حەشدی شەعبی بکەن لە رزگارکردنی گوندی بەشیردا.

یەكێك لە چالاكوانانی توركمان بە ناوی ئیستبرەق ئۆغڵوو، بە (كوردستان24)ی گوت: "لە رێگەی كەناڵەكەتانەوە داوا دەكەین، پێشمەرگە و ھێزەكانی دیكە پەلە بكەن لە ئازادكردنی بەشیر و رزگاركردنی گیانی دانیشتووانی تازە خورماتوو".

سوھیلە محەممەد، یەكێكی دیكەیە لە چالاکوانان كە بەشداری لە گردبوونەوەكەدا كردبوو ئەو گوتی: "تا ئێستا 15كەسمان بۆ چارەسەری تەندروستی رەوانەی توركیا كراون، كە بەھۆی گازی خەردەل بریندار بوونە، ھەروەھا 2ھەزار و 75 كەسی دیكەمان نەخۆشن لە نەخۆشخانەكانی كەركووك خەوێندراون".

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) عەلی مەھدی گوتەبێژی بەرەی تورکمانی رایگەیاند: "تا ئێستا ھیچ رێككەوتنێكی سیاسی و ئەمنی نییە كە رزگاركردنەوەی بەشیری كام ھێز دەسپێردرێت، ئێمە داوا دەكەین بەشداری بە حەشدی شەعبی بكرێت و پێویستە ھەماھەنگی لە نێوان كورد و توركمان ھەبێت بۆ رزگاركردنەوەی بەشیر".

گوندی بەشیر دەکەوێتە باشووری کەرکووك دانیشتووانەکەی تورکمانی شیعە مەزھەبن، نزیکەی دووساڵە ئەو گوندە لە ژێردەسەڵاتی داعشە، تائێستا حەشدی شەعبی زیاتر ٢٠ ھێرشی ئەنجامداوە بۆ گرتنەوەی بەشیر، بەڵام لە سەرجەم پەلامارەکاندا شکستی ھێناوە.

چەندین جار چەكدارانی داعش لە گوندی بەشیرەوە تۆپبارانی شارۆچكەی تازەخورماتوو دەكەن، لە ھەمانكاتدا گازی خەردەلیان دژ بە ھێزی پێشمەرگە و دانیشتووانی تازە خورماتوو بەكار ھێناوە، تا ئێستا 5 ھاووڵاتی بەم ھۆیەوە گیانیان لە دەستداوە و ژمارەیەكی زۆریش بریندارن.