بەشێك له حزبهكانی رۆژھەڵات: خەباتی چەكداری دەستپێدەكەینەوە
حزبه سیاسییهكان رای جیاوازییان ههیه
K24 - ههولێر:
بەشێك لە لایهنه سیاسییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان رایانگەیاندووە، خەباتی چەكداری لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران دەستپێدەكەنەوە.
ھاوكات سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانیش ئاماژهی بهوهكردووه، كە بەبێ یەكگرتنەوەو ھەماھەنگی ھێزە سیاسییەكان، خەباتی چەكداری سەركەوتوو نابێت، ئەوەش كاردانەوەی زۆری لەرۆژھەڵاتی كوردستان لێ كەوتۆتەوە.
رێورەسمی ئەمساڵی نەورۆز لە سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، بە گڕوتینێکی زۆرەوە بهڕێوهچوو، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێ ئەوە سەرەتای دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکدارییە، لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەوان دەڵێن پێشمەرگە دەنێرینەوە،و بانگەوازیشیان بۆ پێوەستبوون بەهێزەکانیان بڵاوکردۆتەوە.
ساڵی رابردوو پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو باڵی چەکداری حزبی دیموکراتی کوردستان چەندین چاڵاکیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد،و لەتێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان شەهیدێک و ژمارەیەک بڕینداریشیان هەبوو. ئەمساڵ حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش دەڵێ خەباتی چەکداری دەستپێدەکەینەوە،و لەتۆرە کۆمەڵایەتییەکانیشدا کەمپەین بۆ راسانی خەڵکی رۆژهەڵات دروستکراون.
بەڵام لەگەڕمەی ئەو باسەدا، وەڵامی پرسیارێک لەلایەن خالید عەزیزی سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان دۆخەکەی گەرمتر کرد، و کاردانەوەی تووندی لایەنگرانی حدکا و بەشێک لە لایەنگرانی حزبەکەی خۆشی لێکەوتەوە، عەزیزی لە کورێکدا لەپاریس کە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بۆی پێکهێنابوو، وتوویەتی کە بەهەموو حزبەکان ناتوانن گوندێکی رۆژهەڵات رزگار بکەن، ئەو دەڵێ هەتا دوو لایەنی دیموکرات و کۆمەڵەکانیش یەک نەگرنەوە، ناتوانن جولەیەکی بەهێز بکەن،و داوای یارمەتی لەدەرەوە بکەن.
ئێستا سەرجەم هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان چەکدارن، و زۆربەشیان ئەزموونی خەباتی چەکداریان لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، خۆیان دەڵێن بێدەنگی چەکەکانیان مانای دانانی چەک نییە،و هیچ کامیان نایشارنەوە کە لەکات و ساتی خۆیدا دەست پێدەکەنەوە.