موسڵمانانی بەلجیكا ھاوخەمی خۆیان دەردەبڕن بۆ قوربانیانی برۆكسل
لە 22 ئاداری ئەمساڵدا، سێ تەقینەوە لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا ئەنجامدران، لە ئاكامدا 35 كەس كوژران و نزیکەی 300كەسیش برینداربوون
K24 – ھەولێر:
ژمارەیک هاووڵاتی موسوڵمانی بەلجیکا، خۆپیشاندانێکیان ئەنجام دا بۆ دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ کەس و کاری قوربانییان و ئیدانە کردنی ئەنجامدانی هێرشەکانی هەفتەی رابردووی برۆکسل، کە بەهۆیانەوە 35 كەس کوژران.
ناسرە دیما، هاووڵاتییەکی بەلجیکی موسوڵمانە دەڵێت: "هیچ ئاینێک نییە چاوپۆشی لەم تاوانانە بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هەموویان دژی تاوانی لەم شێوەیەن، ئێمە ئەمڕۆ هاتووین تا هاوخەمی خۆمان بۆ قوربانییان دەربڕین"
فەڕەح دوشین، کارمەند لە چێشتخانەیەکی برۆکسل گوتی: "وەک خۆم هیچ ناترسم لەوەی رق و کینە بتوانێت، جیامان کاتەوە، ئێمە تەنها پێویستیمان بە بە هاوکاری یەکتر و دەست خستنە ناودەستی یەکدیە، نابێت هەست بەترس بکەین، دەبێ درێژە بە ژیانی پێکەوەییمان بدەین"
بەشدارانی خۆپیشاندانەكە، لەبەردەم ئەو وێستگەیە وەستان، کەهێرشەکانی تێدا ئەنجامدرا، بە دروشمی ئاشتی و شەرمەزارکردنی ئەنجامدانی هێرش.
لە 22 ئاداری ئەمساڵدا، سێ تەقینەوە لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا ئەنجامدران، لە ئاكامدا 35 كەس كوژران و نزیکەی 300 كەسیش برینداربوون، دوای تەقینەوەكان چەند گومانلێكراوێك دەستگیركران، هاوکات داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ترقینەوەکانی برۆكسل راگەیاند.