لە وڵاتێکی پێشەنگی ئەوروپا ژنان و پیاوان لە نێو شەمەنەفەرەکاندا جیادەکرێتەوە
هەوڵێکە بۆ رێگەگرتن لە گێچەڵی سێکسیی
K24-هەولێر
دوای زیادبوونی رووداوەکانی گێچەڵیکردن بە ئافرەتان لە ئەڵمانیا، کۆمپانیای بەڕێوەبردنی گەشتەکانی شەمەنەفەر لە ناوەڕاستی ئەڵمانیا رایگەیاند کە بڕیاریدا لە هێڵێکی دیاری شەمەنەفەرەکانیدا دوو کابینە بۆ ئافرەتان تەرخان بکات بۆ رێگەگرتن لە گێچەڵی سێکسیی.
بەپێی رۆژنامەی دەیڵی تێلیگراف-ی بریتانیا کۆمپانیای بەڕێوەبردنی گەشتەکانی شەمەنەفەر لە ناوەڕاستی ئەڵمانیا، میتڵدۆیچە ریگیۆناڵ بان ئاشکرای کرد کە بڕیاریدا لە گشت شەمەنەفەرێکدا لە هێڵی نێوان شارەکانی شیمنتس و لایبسینگ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا دوو کابینە بۆ ئافرەتان تەرخان بکات.
کۆمپانیاکە دەشڵێ: ئەم کابینانە بۆ ئەو ئافرەتانە بەردەست دەبن کە بە تەنیا گەشت دەکەن لەگەڵ ئەو دایکانەی کە لەگەڵ منداڵەکانیاندا گەشت دەکەن بەو مەرجەی منداڵەکانیان ئەگەر کوڕ بن دەبێ تەمەنیان لە 10 ساڵ زیاتر نەبێ.
ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند مانگی رابردوو رێژەیەکی زۆر لە رووداوی گێچەڵی سێکسیی لە ئەڵمانیا روویانداوە هاوکات لەگەڵ گەیشتنی بە لێشاوی کۆچبەران بۆ ئەڵمانیا.
دیارکردنی کابینەی تایبەت بە ئافرەتان لە نێو شەمەنەفەرەکان و پاس لە وڵاتانی کیشوەری ئاسیا بە تایبەت لە ئێران تا ئێستا بوونی هەیە، بەڵام ئەم سیستمە لە ساڵی 1977 لە ئەوروپا هەڵوەشاوەتەوە و کاری پێناکرێت.
ئا: ئا ، ف