بارزانی: ناوی پێشمەرگە بووەتە ھێمای بەرخودان و تێكشاندنی ئەفسانەی داعش
K24-زاخۆ:
سەرۆكی ھەرێمی كوردسیان رایگەیاند، پێشمەرگە بووەتە ناوێكی پیرۆز لە سەرتاسەری جیھان و بووەتە ھێمای بەرخودان و تێكشاندنی ئەفسانەی داعش.
لە میانی بەشداریكردن لە ئاھەنگی دەرچووانی خولی 21ی ئەفسەرانی ئافرەت لە وتارێكدا مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "لە شەڕی تیرۆرستانی داعش كوڕ و كچانمان، پێشمەرگە قارەمانەكانمان، سەلماندیان بۆ ھەموو جیھان بەڵێ قارەمانن و كوردستان لە ھەموو شتێكی دیكە پیرۆزتر و بە نرخترە، جێگای سەربەرزی زۆرە بۆ ئێمە ئەمڕۆ ناوی پێشمەرگە بووەتە ناوێكی پیرۆز لە سەرتاسەری جیھان و بووەتە ھێمای بەرخودان و تێكشاندنی ئەفسانەی داعش".
لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، بۆ دەرچووانی خولی ئەكادیمیای زاخۆ گوتی: "پیرۆزبێت كچانی كوردستان دەرچوونتان لە خولی21ی ئەكادیمیای زاخۆ، ئەمڕۆ بۆ ئێمە رۆژێكی زۆر خۆشە ئومێدی زۆرم ھەیە، بۆ ئەوەی بۆشاییەكی گەورە پڕبكەنەوە و شان بەشانی براكانتان قارەمانی تۆمار بكەن و نیشانی ھەموو جیھانی بدەن".
سەرۆكی ھەرێمی كوردستان گوتیشی: "ئێوە درێژە پێدەری ئەو رێباز و شۆڕشەن كە باوك و باپیران بە نانی وشكی ناوچانتا و چفتا خەباتیان كردووە، ئەمڕۆ بەرھەمی ئەوان و خوێنی شەھیدانە، كاتێك وڵاتەكەمان دەكەوێتە مەترسی و بەر ھێرشی دوژمن و تیرۆرستان، ئەو كات كوڕ و كچ پیر و جوان ئامادەن گیانی خۆیان ببەخشن بۆ پاراستنی مللەتەكەیان".
سەرۆكی ھەرێمی كوردستان سوپاسی راگر و ستافی ئەكادیمیای سەربازی زاخۆی كرد بۆ ماندوبوونیان گوتیشی: "سوپاسی تایبەتی فەریق شەھاب دەكەم كە ماوەی 20 ساڵە خزمەتێكی زۆری بە لەشكری كوردستان كردووە".
بارزانی، راشیگەیاند: "زاخۆی لانەی شۆڕش و شۆڕشگێڕان شایەنی ھەموو خزمەتێكە، ئەو رۆژەی بڕیارماندا ئەو ئەكادیمیایە دابمەزرێنین لە ساڵی 1996، ئێمە زاخۆمان ھەڵبژارد ئەو بڕوارەش لە جێگەی خۆیدابوو".