جەعفەر ئیمینكی: زەرەرمەندیی سەرەكیی لە بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخە پارتی و یەكێتین
K24 - ھەولێر:
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی رایگەیاند، ئەگەر پڕۆسەی سیاسی بەم جۆرە بەردەوام بێت، زەرەرمەندی سەرەكی پارتی و یەكێتی دەبن.
لە میانی بەشداری كردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی (كوردستان24) لە بارەی ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی ساسی ھەرێمی كوردستان جەعفەر ئیمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:ھەر پارتی و یەكێتی بە تەنیانین پەرۆشی ئەوەنین، لایەنە سیاسییەكانی دیكەش پەرۆشی ئەوەن بۆ ئەوەی ئەو ئەزموونەی ھەرێمی كوردستان لەو بارودۆخە رزگار بكەن".
جەعفەر ئیمینكی گوتیشی: "ئەگەر پڕۆسەی سیاسی ھەرێمی كوردستان بەم شێوەیە بەردەوام بێت، زەرەرمەندی ھەرە سەرەكی پارتی و یەكێتی دەبن ئینجا خەڵكی دیكە، لەبەر ئەوە زۆر رەوایە ھەنگاوەكان بەو ئاراستە بھاوێژرێن، ئەگەر نەتوانین ھەموو قەیرانەكان چارەسەر بكەین، دەتوانین قەیرانی پەرلەمان لەم كاتەدا چارەسەر بكەین".
ئەمە لە كاتێكدایە نزیكەی شەش مانگە پەرلەمانی كوردستان پەكی كەوتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان رایوایە كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نەیتوانیوە وەك سەرۆكی پەرلەمان كار بكات، بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان داوا دەكەن گۆڕان كەسێكی دیكە بۆ ئەو پۆستە دیاربكات، لە بەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە، تا سەرۆكی پەرلەمان دەست بەكار نەبێتەوە بەشداری لە ھیچ گفتوگۆ و دانوستاندنی لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان ناكەن.