چوارەمین لوتكەی ئاسایشی ئەتۆم لە واشنتن بەڕێوەدەچێت
لەگەڵ بەرزبوونەوەی ترسی جیھان لەمەڕ چەکی ناوەکی، باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە ھەوڵەکانی دەخاتەگەڕ، بۆ نەھێشتنی مەترسی چەک و کەلوپەلی ناوەکی لەسەرانسەری جیھان.
K24 – ھەولێر:
بڕیارە ئەمڕۆ پێنچ شەممە بە ئامادەبوونی سەرۆک و نوێنەرانی زیاتر لە 50 وڵات، چوارەمین لوتکەی ئاسایشی ئەتۆم لە واشنتن بەڕێوەبچێت و سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما رایگەیاندووە، تا کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتی، نەھێشتنی ھەڕەشەی چەکی ناوەکی لەسەر جیھان، یەکێک دەبێت لە ئامانجە سەرەکییەکانی.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی ترسی جیھان لەمەڕ چەکی ناوەکی، باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە ھەوڵەکانی دەخاتەگەڕ، بۆ نەھێشتنی مەترسی چەک و کەلوپەلی ناوەکی لەسەرانسەری جیھان.
دانیاڵ پۆنمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری ھەماھەنگی ئەتۆم رایگەیاند: "لەرێگای لوتکەی ئاسایشی ئەتۆم و ھەماھەنگییەکانی ئەمدوایەی نێوان ئەمریکا و چین، کاریگەری زۆر ھەبوون لەسەر کەمکردنەوە و سنووردارکردانی ھەڕەشەی چەکی ناوەکی لەسەر تەواوی جیھان، بەڵام ئەوەی گرنگە پێویستە کە ئەو ھەماھەنگیانە بەردەوام بن".
جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "بەڕێوەچوونی لوتکەی ئاسایشی ئەتۆم، لەکاتێکدایە وەک دەبینین چەند وڵاتێک دەستیانکردووە بە کۆکردنەوە و بەرھەمھێنانی کەلوپەلی چەکی ناوەکی و ئەمەش ترسی خستووەتە دڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، بەڵام ھیوادارین کە ئەم لوتکەیە ببێتە ھۆی ئەوەی لێکتێگەیشتنێکی نێودەوڵەتی لەمەڕ ئەو ترسە ھەبێت و سەرجەم ولاتان بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو ھەڕەشەیە بکەن".
سەرەڕای ھەوڵەکانی ئۆباما لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بۆ رازیکردنی چەندین وڵات کە دەست لە دروستکردنی چەکی ناوەکی ھەڵبگرن، لەوانەش ئێران، بەڵام ھێشتا دیارنییە ئۆباما تاکۆتایی ماوەی دەسەڵاتی، دەتوانێ بگاتە ئامانجە گەورەکەی و ھەڕەشەی چەکی ناوەکی لەسەر جیھان نەھێڵێت.