بازرگانێكی كوه‌یتی له ناسڕیه ده‌ڕفێندرێت
بۆ مه‌ڕ چوو خۆیشی نه‌هاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌یه‌كی كوه‌یتی ئاشكرای ده‌كات، بازرگانێكی كوه‌یتی، له كاتی سه‌ردانیكردنی شاری ناسڕیه‌ی سه‌نته‌ری پارێزگای زیقاڕ له باشووری عێراق، له‌لایه‌ن باندێكه‌وه ده‌ڕفێندرێت.
به گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌ی رۆژنامه‌ی (الرأی) كوه‌یی، بانده‌كه له به‌رامبه‌ر ئازادكردنی ئه‌و بازرگانه، داوای یه‌ك ملیۆن دۆلار له كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌كه‌ن.
رۆژنامه كوه‌یتییه‌كه بڵاویكردووه‌ته‌وه، بازرگانه‌كه ناوی خالید عه‌بدولڕه‌زاق سه‌رحانه، به مه‌به‌ستی "كڕینی مه‌ڕ و ماڵات" چووه‌ته ناسڕیه و ماوه‌ی دوو هه‌فته ده‌بێت له رفێندراوه.
له هه‌واڵی رۆژنامه‌كه‌دا هاتووه: "رۆژی 26ی ئادار/ مارس، له‌لایه‌ن كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌وه، په‌یوه‌ندی به هاوسه‌ری ئه‌و رفێندراوه كراوه، كه به زمانی عه‌ره‌بی زاراوه‌ی عێراقی قسه‌ی كردووه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "به هاوسه‌ری بازرگانه كوه‌یتییه‌كه‌یان راگه‌یاندووه، ئه‌وان خالیدی هاوسه‌رییان رفاندووه، بۆ ئازادكردنیشی ده‌بێت یه‌ك ملیۆن دۆلار بده‌ن".
به گوێره‌ی هه‌واڵی رۆژنامه كوه‌یتییه‌كه، برای ئه‌و بازرگانه، به هه‌مان شێوه له‌لایه‌ن بانده رفێنه‌ره‌كه‌وه په‌یوه‌ندی پێوه‌كراوه و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی براكه‌یان لێكردووه ئه‌گه‌ر پاره‌كه‌یان پێنه‌ده‌ن.
رۆژنامه‌ی (الرأی) كوه‌یتی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، وه‌زاره‌ته‌كانی ده‌ره‌وه و ناوخۆی كوه‌یت، له ئێستادا له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی عێراق له په‌یوه‌ندیدان بۆ لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه و دیاریكردنی شوێنی رفاندنی ئه‌و بازرگانه كوه‌یتییه.
هه‌رچه‌نده پارێزگای زیقاڕ، كه شاری ناسڕییه سه‌نته‌ری پارێزگاكه‌یه و (375 كم باشووری به‌غدای پایته‌خته)، به به‌راورد به ناوچه‌كانی دیكه له رووی سه‌قامگیرییه‌وه ئارامتره، به‌ڵام ناوه ناوه رووداوی توندوتیژی لێ رووده‌دات.