ئایا توانراوە رێگە لە داعش بگیرێ و بۆمبی ناووکی بەدەست نەهێنێ؟
سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما وەڵامەکەی لەلایە
K24-هەولێر
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، باراک ئۆباما رایگەیاند جیهان پێشەوەچوونی بەدەستهێناوە لە رێگەگرتن لە رێکخراوەکانی هاوشێوەی داعش و قاعیدە چەکی ناووکی بەدەستبێن.
ئەم لێدوانەی ئۆباما لە چوارچێوەی لوتکەی ئاسایشی ناووکی دا هات کە بە درێژایی دوو رۆژ لە واشنتن بەردەوام بوو بە بەشداریی دەیان لە سەرکردەکانی جیهان بۆ تاوتوێکردنی مەترسییەکانی ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێک بە بۆمبێکی ناووکیی لە لایەن رێکخراوی داعشەوە.
وروژاندنی ئەم پرسە لە کاتێکدایە گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئاشکرا بووە کە کامیرایەکی رێکخراوی داعش تۆماری کردووە و تێیدا داعش چاودێریی بەرپرسێکی ناووکی بەلجیکا دەکات، ئەمەش وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکای نیگەران کردووە لەوەی نەک داعش نیازی ئەنجامدانی هێرشی هەبێ بە چەکی ناووکی.
باراک ئۆباما گوتیشی: "جیهان پێشەوەچوونی بەدەستهێناوە لە رێگەگرتن لە رێکخراوەکانی هاوشێوەی داعش و قاعیدە چەکی ناووکی بەدەستبێن، بەڵام پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێ و پێکەوە کاربکەین بۆ بە ئەستەمکردنی بەدەستهێنانی ماددەی ناووکی لە لایەن تیرۆریستانەوە، ئەم هەڕەشەیەش زۆر کەمتر دەکەینەوە بەتایبەت دوای واژۆکردنی رێککەوتنی پاراستنی ماددە ناووکییەکان کە 102 وڵات واژۆیان کرد".
بەڵام سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەشی کرد کە: "بە هەزاران تۆنی ماددەی ناووکی هەن کە ئەمبار کراون و بەپێی پێویست چاودێریی ناکرێن، لە کاتێکدا ماددەیەکی هاوشێوە و بە قەبارەی سێوێک دەکرێ زیانێکی زۆر بگەیەنێ و رووخساری جیهان بگۆڕێ".
سەرچاوە: AFP، ئا: ئا ، ف
