ئەمریکا بەنیازە هێزی زیاتر لە سووریا بڵاوبکاتەوە
"بۆ پێشڕەویکردنە لە دژی داعش"

K24-هەولێر
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند بەرپرسێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە رایگەیاند حکوومەتی ئەمریکا لە پلانێک دەکۆڵێتەوە بۆ زیادکردنی هێزی تایبەتی ئەمریکا کە لە سووریا جێگیر کراوە هاوکات لەگەڵ خواستی پەلەکردن لە زیاتر پێشڕەویکردن لە دژی رێکخراوی داعش لە سووریا.
بەپێی ئاژانسەکە بەرپرسە ئەمریکییەکان کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت و ئامادە نین زانیاریی لەبارەی بڕی زیادکردنی ئەو هێزانە ئاشکرا بکەن، یەکێکیان دەڵێ: "زیادکردنەکە دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی هێزی کردەوە تایبەتەکانی ئەمریکا کە ئێستا لە سووریا جێگیرن بە چەند جارێک، لە کاتێکدا ئەو هێزە ئێستا لە 50 سەرباز پێکهاتووە و تەنیا راوێژ پێشکەش دەکەن و دوورن لە بەرەکانی جەنگەوە".
ئەم پرسە یەکێکە لە چەند پێشنیازێک کە پێشکەشی سەرۆکی ئەمریکا کراون کە هاوکات لە ئەگەری زیاترکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکۆڵێتەوە. بەڵام وادیارە ئەم پێشهاتە ئاماژەیەکە بۆ قوڵبوونی متمانە بەو هێزانەی کە ئەمریکا لە سووریا و عێراق پاڵپشتییان دەکات بۆ گرتنەوەی ناوچەکانی بندەستی داعش.
ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی بەرپرسان و فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا داعش لە سووریا و عێراق لە پاشەکشێدایە و بەردەوام ناوچەی زیاتر لە دەست دەدات.
ئا: ئا ، ف