مۆسکۆ: هەواڵگریی تورکیا سەرپەرشتیی چەکدارکردنی داعش دەکات
K24-هەولێر
باڵوێزی رووسیا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، فیتالی چورکین دەزگا فەرمییەکانی تورکیای بە پێدانی چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازیی بە رێکخراوی داعش لو سووریا تۆمەتبار کرد.
باڵوێزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند: "تورکیا سەرچاوەی سەرەکیی پێدانی چەک و تەقەمەنییە بە چەکدارانی داعش" و دڵنیایی دا کە: "ئاژانسی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا سەرپەرشتیی گواستنەوەی ئەو چەکانە دەکات".
پێشتریش چەند ناوەندێکی دیاری راگەیاندن و بەرهەڵستکار لە تورکیا، حکوومەتی ئەو وڵاتەیان بە ناردنی چەک بۆ چەکدارانی توندڕەو لە سووریا تۆمەتبار کرد.
باڵوێزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی: "بە بەهای نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار تەقەمەنیی و ماددەی کیمیاوی لە سنووری تورکیاوە دزەیان پێکراوە بۆ گرووپە توندڕەوەکان لە سووریا".
ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند کە وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگێ لاڤرۆڤ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کیریی راگەیاندووە کە توندڕەوەکان هێشتا لە سنووری تورکیا بەرەو سووریا دەپەڕێنەوە.
فیتالی چورکین ئاشکراشی کرد کە: "تورکیا رێکخراوە ناحکوومییەکان بەکاردێنێ بۆ گواستنەوەی چەکەکان بە رێگەی کاروانەکانی هاوکاریی مرۆیی".
باڵوێزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەشی کرد کە: "رێکخراوی داعش لە ساڵی 2015 بە رێگەی خاکی تورکیاوە 2500 تۆن لە ماددەی نەتەراتی ئەمۆنیۆمی پێگەیشتووە کە بەهایان دەگاتە نزیکەی 788700 دۆلار لەپاڵ 456 تۆنی دیکەی نەتەراتی پۆتاسیۆم کە بەهایان دەگاتە 468.700 دۆلار و رێکخراوە تیرۆریستییەکە 75 تۆنی ماددەی پۆدرەی ئەلەمنیۆمی پێگەیشتووە کە بەهایان دەگاتە 496.500 دۆلار لەپاڵ ماددەی نەتەراتی سۆدیۆم بە بەهای 19.400 هەزار دۆلار و ماددەی گلیسیرین بە بەهای 102.500 دۆلار و ماددەی نەتریک بە بەهای 34 هەزار دۆلار".
سەرچاوە: ئاژانسی سپوتنیک، ئا: ئا ، ف