مۆرینهۆ متمانەی بە مانچێستەر یونایتد نەماوە

داوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە دەکا

K24- هەولێر

خۆزێ مۆرینهۆ متمانەی بە کارگێڕانی یانەی مانچێستەر یونایتد نەماوە و داوا لەو یانەیە دەکات بەڵێننامەی بۆ پڕبکەنەوە.

چەند مانگێکە مۆرینهۆ بە بەڕێوەبەری هونەری داهاتووی مان یونایتد دەناسرێنرێت، کەچێ هێشتا لویس ڤان خال لە پۆستی بەڕێوەبەری هونەری یانەکە بەردەوامە و لە دوایین کاردانەوەدا سێر ئەلێکس فێرگسۆن پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەو راهێنەرە هۆڵەندییە دووپاتکردەوە، ئەمەش مۆرینهۆی تووڕە کردووە و دوودڵە لە داهاتووی خۆی.

مان یونایتد لەم وەرزە لەگەڵ ڤان خال ئەنجامەکانی خراپن و گشت میدیانەکان لەسەر ئەوە کۆکن، کە دوای دوو مانگی دیکە مان یونایتد دوا کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە مۆرینهۆی راهێنەری پیشووی چێڵسی دەکاتە بەڕێوەبەری هونەری یانەکەی.

رۆژنامەی سەنی بەریتانی ئاشکرایکردووە، مۆرینهۆ داوای لە بەپرسانی رێد دێڤڵز کردووە، پەیماننامەیەکی بۆ پڕبکەنەوە و لەوە دڵنیای بکەنەوە، کە هاوینی داهاتوو دەبێتە راهێنەری مان یونایتد.