بیره‌ نه‌وتێكی کێڵگەی خەبازە له‌ کەرکووك تەقێندرایەوە

رووداوه‌كه‌ كاتژمێر 8ی شه‌و روویداوه‌

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/649f7719-888f-46e3-8549-0ec2f4540b61/kerkuk%20teqinewei%20biri%20newt.ism/manifest

K24 - كه‌ركووك:

بیرێکی نەوتی سەر بە کێڵگەی خەبازە لە پارێزگای کەرکووك، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە تەقێندرایەوە.

ئەرکی پاراستنی ئەو کێڵگەیە لە ئەستۆی پۆلیسی نەوت و گازی سەر بە حکوومەتی عێراقە, فەرماندەیەکی پێشمەرگەش گومان لە گوندنشینە عەرەبەکانی سنوورەکە دەکات، دەستییان لەم کارەدا ھەبێت, ھێزە ئەمنییەکانیش لە دوای رووداوەکە پێنج گومانلێکراویان دەستگیرکردووه‌ .

جارێکی دیکە نەوتی کەرکووك، کەوتە بەر پەلاماری گرووپە چەکدارەکان, ئەمجارەیان بیری ژمارە ٦ی كێڵگەی نەوتی خەبازەیان لە رێگەی بۆمبی چێنراو کردە ئامانج.

رووداوەکە لە کاتژمێر ھەشت و نیوی شەو روویدا, شایەتحاڵێك کە پۆلیسی نەوتە و رووداوەکەی بینیوە، پێی گووتین، دوای  تەقینەوەکە دوو کەسمان لە نزیك بیرە نەوتەکە بینییوە و تەقەمان لێی کردوون، بەڵام توانیوییانە رابكه‌ن و بچنە نێو گوندێکی سنوورکەوە.

پۆلیسی قەزاو ناحییەکانیش بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی کردەوەکە، چەند کەسێکی گومانلێکراوییان دەستگیرکردووە.

بەھۆی ستراتیجی ناوچەکەوه‌, چەکدارانی داعش لە رابردوودا بە ئامانجی داگیرکردنی گێڵگەی نەوتی خەبازە ھەوڵی زۆرییان دا, بەڵام ھەموو ئەو ھەوڵانە لەسەر دەستی پێشمەرگە شکستی پێھێنراوە, فەرماندەیەکی پێشمەرگە گومانی لەسەرگوندنشینە عەرەبەکانی ناوچەکەیە, ئەو دەڵێت: "ئەگەر پاراستنی ئەو ناوچانە بەوان بسپێرن، ئەوا رێگری لەھەر ھێرشێکی گرووپە چەکدارەکان دەکەن".

لە ١٠ی سێی ئەمساڵەوە، بە بڕیارێکی حکوومەتی بەغدا، ھەناردەی نەوتی کەرکووك راگیراوە, ھەربۆیە بەرھەمی ئەم بیرەو سەرجەم کێڵگەکان دەگەڕێتەوە بۆکۆگاکانی کەرکووك, سەرۆکی لێژنەی نەوت و وزەش لە ئەنجوومەنی پارێزگا، بڕی بەرھەمھێنانی ئەو بیرە نەوتە ئاشکرا دەکات.

لە ماوەی دوومانگی رابردوو لە سنووری پارێزگای کەرکووك سێ جار ھێرشکراوەتە سەر بیرە نەوتەکان, بە بڕوای فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگەش ئامانجی داعش لە ئەنجامدانی ئەو کردەوانە، بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانییانە لە بەرامبەر ھێزەکانی پێشمەرگە.