سەرۆك وەزیریانی بەلجیكا: بۆ تیرۆرستان ئاسانە ھێرش بكەنە سەر ئەوروپا
"زۆر ھێرشمان لە وڵاتەكەماندا پووچەڵكردووەتەوە"
K24 – ھەولێر:
شارل میشێل سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا ھەواڵی گەڕانەوەی وڵاتەكەی بۆ دۆخی ئاسایی ڕاگەیاند و ھۆشداری دایە ھاووڵاتییانی ئەوروپا كە تیرۆرستان بە ئاسانی دەتوانن ھاتوچۆ بكەن و پلانی ھێرش بۆ سەر ئەوروپا دابنێن.
شارل میشێل، دەڵێت: " پەیامی ئێمە ئەمڕۆ گەڕانەوەیە بۆ ژیانی ئاسایی لە برۆكسل و بەلجیكا، ئەوە مانای ئەوەیە ھاتوچۆكردن لە بەلجیكا بۆ پاریس یان بۆ لەندەن و بەرلین زۆر ئاسانە، تیرۆرستان دەتوانن ھێرشی دیكە بۆ سەر ئەوروپا ئەنجامبدەن، واتە پێویستە لەسەرمان كاری زیاتر و باشتر لەگەڵ یەكتر بكەین ھەروەھا تواناكانی خۆمان لە رووی ئاسایشەوە باشتر بكەین، دووبارەی دەكەمەوە، بەتایبەتی دوای ھێرشەكانی 22 ی ئاداری برۆكسل".
ھاوكات سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا دەشڵێت: " لە شەڕكردندا لە دژی داعش، لە ھەموو بەشێكی جیھاندا سەركەوتن و شكست ھەبووە، ئێمە لە بەلجیكا سەركەوتنی مەزنمان تۆماركردووە، زۆر ھێرشمان پوچەڵ كردووەتەوە، لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 100 بڕیاری دادگەمان لە دۆسییەی تیرۆرستییەوە ھەبووە ئەگەر ئێمە لاواز بووباین 100 كەسمان دادگایی نەدەكرد، سەڵاح عەبدولسەلام پلاندانەری ھێرشەكەی پاریس مان لە چەند مانگێكی كەمدا گرت، خەڵك ھەیە رەخنە دەگرێت لەبەرچی زۆری پێچوو، من دەڵێم 10 ساڵی پێچوو تا ئوسامە بن لادن سەرۆكی قاعیدە كوژرا لە كاتێكدا ھەموو پۆلیسی دنیا بەدوای دەگەڕان".
لە مانگی ئاداری ئەمساڵ دوو ھێرشی خۆكوژی و تەقینەوەیەك لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا روویاندا لە ئاكامدا 32 كەس كوژران و زیاتر لە 100 كەس برینداربوون، دوای ھێرشەكانی داعش بەرپرسیاریێتی خۆی لە ھێرشەكاندا راگەیاند.