کورد یەکدەنگ نیيە بۆ کشانەوەی لە حکوومەتی عێراق
گۆڕان و یەکێتی لەگەڵ مانەوەی کوردن لە بەغدا
K24 - ههولێر:
فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، یەكدەنگ نین لەسەر پرسی کشانەوەی کورد لە حکوومەتی عێراق, یەکێتيی و گۆڕان لەگەڵ مانەوەی کوردن لەبەغدا, پارتیش ئەو پرسە رادەستی مەرجەعی سیاسی کورد دەکات.
ھەرچەندە کورد داوای پشکی لەسەدا ٢٠ی پۆستەکان دەکات, لە پێکھێنانی حکومەتی تەکنۆکراتدا، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت ئهو داواکاریيهی کورد جێبەجێ بکرێت.
تا ئێستا ڕوون نيیە, حکوومەتی عێراق داواکاری کورد جێبەجێبکات لە پێکھێنانی حکوومەتی تەکنۆکراتدا، نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا, چاوەڕوانی بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی کوردن, بۆ ئەوەی بەخۆیان و جانتاکانی دەستیانەوە, بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان، بەڵام لایەنە کوردییەکان لە بەغدا یەکدەنگ نین لەمەڕ پرسی کشانەوەی کورد.
يەکێتيی نیشتیمانی کوردستان پێی باشە, ئێستا کورد بیر لە کشانەوە نەکاتەوەو لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکانیشی بەباشی دەزانن کورد ببێتە ئۆپۆزسیۆن.
پارتی دیموکراتی کوردستان ناوبەناو ھەڕەشەی کشانەوە لە حکوومەتی عێراق دەکات، بەڵام نایەوێ لە یەکدەنگی کورد بترازێن لە بەغدا، ھەر بۆیە دەڵێن: "ھەرچەندە ئێمە لەگەڵ کشانەوەداین، بەڵام پرسی کشانەوە پێویستی بە بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی کورد ھەیە".
فراکسیۆنی گۆڕانیش لەپەرلەمانی عێراق, لەوبارەیەوە بۆچوونیان وایە ئێستا کاتی کشانەوەی کورد نيیە لە بەغداو بەباشی نازانن کورد لەم کاتەدا بیر لەو بژاردەیە بکاتەوە.