جهعفهر شێخ مستهفا: له گرتنهوهی گوندی بهشیر سوپای عێراق كێشەیان بۆ دروست كردین
بهڕێوهبهری ئاسایشی كهركووك به گومانهوه له حهشدی شهعبی دهڕوانێت
K24 - كهركووك:
حەشدی شەعبی بەردەوامە لەپێشڕەویكردن بۆ گرتنەوەی گوندی بەشیر و ئەمڕۆ كۆنترۆڵكردنەوەی چەند ناوچەیەكی لە نزیك ئەو گوندەیان راگەیاند.
لە ئێستایشدا سەركردەكانی حەشد شەعبی ھێرشی گرتنەوەی بەشیریان دەست پێكردووە، بەڵام ئهوان دەڵێن: "پلانەكەمان بەو شێوەیە كە ناوچە بەناوچەی بەشیر ڕزگاربكەین".
بەڕێوبەری ئاسایشی كەركووكیش بەگومانەوە لەھەوڵەكانی حەشدی شەعبی دەڕوانێت بۆ گرتنەوەی بەشیر، شێخ جەعفەر مستەفا - فەرماندەی یەكەكانی حەفتای پێشمەرگەیش دەڵێت: "ئێمە بەبێ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ئامادە بووین ئەو گوندە لە داعش وهربگرینەوە، بەڵام سوپای عێراق كێشەیان بۆ دروست كردین".
ئێستا چەكدارەكانی حەشدی شەعبی، لەھەندێك ناوچەدا كەمتر لە كیلۆمەترێك نێوانیانە لەگەڵ داعش، بەڵام حەشدی شەعبی توانای سەربازی نییە ھێرشی بەرفراوان بۆ گرتنەوەی گوندی بەشیر دەستپێبكات، بۆیە بڕیاریانداوە ناوچە بەناوچە بەرەو رزگاركردنی گوندی بەشیر ھەنگاو بنێن.
سەركردەیەكی حەشدی شەعبیش دەڵێت: "بەپێی ئەو پلانەی دامانڕشتووە لەچەند ھەفتەی داھاتوودا ھێزەكانمان دەگەنە ناوەندی گوندی بەشیر".
كۆنترۆڵنەكردنەوەی تاقە گوندەكەی شیعە لە باشووری كەركووك، وایكردووە بەرپرسانی كورد، گومان بخەنە سەر نیازی حەشدی شەعبی و كۆنترۆڵنەكردنەوەی بەشیریش بەبابەتێكی سیاسی وەسف بكەن.
لەدوایین دانیشتنی نێوان سەركردەكانی حەشدی شەعبی و بەرپرسانی كورد، لە بینای پارێزگای كەركووك، ھێزەكانی پێشمەرگە ئامادەییان نیشاندا بەشداری لە شەڕی گرتنەوەی بەشیر بكەن، بەڵام بەرپرسانی كورد دەڵێن: "حەشدی شەعبی داوایان كردووە كە پێشمەرگە وەك ھێزی پاڵپشتی بەشداری بێت".
حەشدی شەعبی تا ئێستا، زیاتر لە ٢٠ ھێرشی بۆ گرتنەوەی گوندی بەشیر ئەنجامداوە، بەڵام ھێرش و پەلامارەكانیان شكستیھێناوەو تا ئێستا نەیانتوانییوه ئەو گوندە لەچنگ داعش دەربھێنن.