تۆڕێكی جیھادیی دەستگیركرا كە پلانی ھێرشێكی دیكەی ھەبووە لە فەرەنسا
میدیاكانی بەلجیكا بڵاویانكردووەتە كە ھێرشەكانی برۆكسل لە تۆڵەی دەستگیركردنی تۆمەتباری سەرەكی ھێرشەكانی پاریس سەڵاح عەبدولسەلام، ئەنجامدراون
K24-هەولێر
داواکاری گشتیی بەلجیکا رایگەیاند، ئەو تۆڕە جیھادییەی کە لە برۆکسل دەستگیرکراون، پلانی ئەنجامدانی ھێرشێکیان ھەبووە لە فەرەنسا.
داواکاری گشتیی بەلجیكا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد عەبرینی، ئەو گومانلێکراوەی چەند رۆژێک لەمەوپێش لە برۆکسل دەستگیرکرا، دانی بەوەدا ناوە کە گرووپەكە لەسەرەتادا ویستوویانە ھێرشی تیرۆرستیی لە پاریس ئەنجام بدەن، بەڵام دوای دەستگیرکردنی سەرپەرشتیاری گرووپەکە سەڵاح عەبدولسەلام، گرووپەکە ھێرشی کردووەتە سەر برۆکسل.
محەممەد عەبرینی ئەوەی ئاشکرا کردووە، بڕیار بووە ئەو لەنێو فڕۆکەخانەی برۆکسل خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام پەشیمان بووەتەوە و لە فڕۆکەخانەکە ھەڵھاتووە.
لە 22 ئاداری ئەم ساڵ لە ئەنجامی سێ تەقینەوە لە پایتەختی بەلجیکا، 23 کەس کوژران و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش برینداربوون.
لە دوای تەقینەوە و ھێرشەكان داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەكان راگەیاند.
میدیاكانی بەلجیكا بڵاویانكردووەتە كە ھێرشەكانی برۆكسل لە تۆڵەی دەستگیركردنی تۆمەتباری سەرەكیی ھێرشەكانی پاریس سەڵاح عەبدولسەلام، ئەنجامدراون، محەممەد عبرینی ھەڵگری ناسنامەی بەلجیكایە و یەکێکە لە تۆمەتبارەکان بە ئەنجامدانی تەقینەوەكانی بەلجیكا، لەگەڵ تۆڕێك لە 8 ئەم مانگە لە بەلجیكا داستگیركران.