سەرچاوەیەک: ئاسانکارییەکانی حکوومەت نرخی بەنزینیان هەرزان کرد

وێستگەیەکی بەنزین لە کوردستان
وێستگەیەکی بەنزین لە کوردستان

بەهۆی ئاسانکارییەکانی حکوومەت بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی و زیادبوونی بەنزینخانەکانی تایبەت بە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری، نرخی بەنزینی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی.

وردە وردە نرخی بەنزین و بەتایبەتی بەنزینی جۆری ئاساییی بازرگانی، روو لە دابەزین دەکات. لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا نزیکەی 400 دینار لە نرخی هەر لیترێک کەم بووەتەوە و نرخی جۆرەکانی باشترکراو و نایابیش دابەزیون. 

لەم بارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە کوردستان24ـی، راگەیاند، بەهۆی ئاسانکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بڕێکی زۆری بەنزینی بازرگانی لە رێگەی وڵاتانی دراوسێوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە. ئەم هاوردەکردنەش کاریگەریی زۆری لەسەر نرخ دروست کردووە و بووەتە هۆکاری دابەزینی نرخی بەنزینی ئاساییی بازرگانی.

لە لایەکی دیکەوە، بەهزاد عومەر، سەرپەرشتیاری زنجیرە بەنزینخانەکانی "کورد نەفت" لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، گوتی، خواستێکی زۆر لەسەر بەنزینی 750 دیناریی پاڵپشتیکراوی حکوومی هەیە و خەڵک کەمتر بەنزینی بازرگانی دەکڕن، تەنیا لە کاتی ناچاریدا نەبێت. 

باسی لەوەش کرد، رۆژانە ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی پاڵپشتیکراو دابەش دەکەن زیاد دەبێت، بۆیە خواست لەسەر بەنزینی بازرگانی و بەتایبەتی جۆری ئاسایی کەم بووەتەوە. روونیشی کردەوە، بەهۆی ئەو کەمبوونەوەیەی خواستەوە، نرخی بەنزین وردە وردە دادەبەزێت و نرخی جۆرەکانی باشترکراو و نایابیش لە نێوان 50 تاوەکوو 100 دینار دابەزیون.