ئەمڕۆ گەشتی ئاسمانی نێوان ھەولێر و ئامەد دەست پێدەكات
تەواوی زانیاری لەبارەی گەشتی ئاسمانی نێوان باكوور و باشووری كوردستان بخوێنەوە
K24 - ئامەد:
بڕیارە گەشتی ئاسمانی نێوان ھەولێر و ئامەد، دەست پێ بكات و ئەمڕۆ یەكەم فڕۆكە لە فڕۆكەخانەی ئامەد بگاتە ھەولێر.
پەیامنێری (كوردستان24) لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان رایگەیاند: "ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی ئەمڕۆ یەكەم فڕۆكە لە ئامەد بێتە ھەولێر، بەڵام یەكەم گەشت تایبەتە بە ژمارەیەك بەرپرس و خاوەن كار، گەشتی فەرمی ئاسمانی لە ئامەد بۆ ھەولێر كاتژمێر11:45، دەست پێدەكات".
ئەوەشی خستەڕوو: "بڕیارە مەراسیمێكی تایبەت بەو بۆنەوە لە فڕۆكەخانەكە بەڕێوەبچێت و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەت و پارت و لایەنە سیاسییەكان لە ئامەد بەشداری دەكەن".
روونیكردەوە: "لە ماوەی ھەفتەیەكدا 6 گەشتی ئاسمانی لە نێوان ھەولێر و ئامەد دەبێت، 3 گەشت لە ھەولێرەوە بۆ ئامەد سێ گەشتی دیكە بە پێچەوانەوە، نرخی ھاتووچۆ بۆ ھەر كەسێك لە 100 تا 150 دۆلار دەبێت".
پەیامنێرمان باسی لەوەشكرد: "كردنەوەی گەشتی ئاسمانی لە نێوان ھەولێر و ئامەد، جێگای دڵخۆشی خەڵكە، چونكە ئێستا گەر ھاووڵاتیان حەزیش بكەن سەردانی ھەولێر بكەن، بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی سنوورەكان ناتوانن، لە مەدوا ئەو كێشە نامێنێ".