پۆلیسی توركیا 14 چالاكوانی سیاسیی لە ئامەد دەستگیر دەكات

"بە فەرمانی داواكاری گشتی دەستگیركراون"

K24 - ئامەد:

لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان، پۆلیسی توركیا چووە سەر بارەگاكانی پارتی ھەرێمەكانی دیموكراتی و كۆنگرەی ژنانی ئازاد و 14 ھەڵسوڕاوی ھەردوو پارتیان دەستگیر كردن.

پەیامنێری (کوردستان24) لە ئامەد رایگەیاند: "بە فەرمانی داواکاری گشتی ئامەد کاتژمێری 5 سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی پۆلیس چوونە سەر بارەگاكانی پارتی ھەرێمەكانی دیموكراتی (دەبەپە) و كۆنگرەی ژنانی ئازاد (کەژا) و 14 هەڵسوڕاو و ئەندامی هەردوولایان دەستگیرکردووە".

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) چاگلار دەمیرەل، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە ئامەد رایگەیاند: "ئەو کارەی پۆلیس لە دەرەوی یاسایە و قبوڵی ناکەین".

دەمیرەل گوتیشی: "کاتێك هێزەکانی ئەمنی بە فەرمانی داواکاری گشتی بیانەوێت کەسێك دەستگیر بکەن، پێویستە ئاگاداری بەرپرسانی حزبەکان بکرێتەوە بۆ دەستگیرکردن و چوونە سەر بارەگاکان، بەڵام پۆلیسی ئامەد ئەوەیان نەکردووە، بۆیە کارەکانیان لەدەرەوەی یاساییە و ئێمە قبوڵی ناکەین، داواشمان لە روونكردنەوە لەو بارەوە بدرێت، بەڵام تا ئێستا پۆلیس ھیچ وەڵامێكی نییە".