كه‌سایه‌تییه‌كی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌ كورد ده‌گۆڕێت

پێشتر سووكایه‌تی به‌ كورد كردبوو

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/629ee760-e915-4647-bed1-ad95ecee05f6/asaad%20zubi.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

پێچەوانەی لێدوانەكەی پێشووی كە سووكایەتی بە كوردان له‌ رۆژئاوای كوردستان كرد بوو، ئەسعەد ئەلزوعبی سەرۆكی شاندی ئۆپۆزسیۆنی سووریا  دەڵێت: "كورد پێكھاتەیەكی سەرەكی سووریان و لەگەڵ ئێمەشدا بەشدارن بۆ رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد".

ئه‌م لێدوانه‌ی ئەسعەد له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ناوبراو پێشتر رایگه‌یاندبوو كورد رێژەی له‌ سه‌دا یه‌كی سووریا پێكناهێنن.

چەند رۆژێكی دیكە گفتوگۆكانی ژنێڤ دەەستپێدەكات و تا ئێستا چۆنیەتی بەشداری كورد لەو گفتوگۆیانەدا روون نیە ھەر لەو بارەیەشەوە لە چاوپێكەوتنێكدا سەرۆكی شاندی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ گفتوگۆكانی ژنێڤ ئەسعەد ئەلزوعبی پێچەوانەی لێدوانەكەی پێشووی رایگەیاند كە كورد پێكھاتەیەكی سەرەكی نێو ئۆپۆزسیۆن و كۆمەڵگەی سووریە.

ئەلزوعبی گوتی: "برایانی كورد بەشێكی سەرەكین لە كۆمەڵگەی سوری، واتە ئەوان پێكھاتەیەكی ڕەسەنی گەلی سووریان و لەگەڵ ئێمە وەك ھێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بەشدارن لە رووخاندنی رژێمی گەندڵ تا مافی ھەموو گەلی سووریا بپارێزین بە ھەموو پێكھاتەكانیەوە".

ئەم وتانەی زوعبی دوای ئەوە ھات كە لە ماوەی رابردوودا لە لێدوانێكی دا سوكایەتی بەو كوردانە كرد كە لە چوارچێوەی سنووری دەوڵەتی سووریا دەژین و گوتبووی كە لە سەردەمی حافز ئەسەددا ھەموو خەونی كورد ئەوەبووە پێی بگوترێ مرۆڤ.

بەڵام پێدەچێت زوعبی لە قسەكانی پەشیمان بووبێتەوە ئەوەتا دەڵێت كاردەكەین بۆ سووریایەك كە جێگەی ھەمووان ببێتەوە لە سوریای داھاتوودا.

ئەسعد زوعبی گوتیشی: "پشت بەخوا كاردەكەین بۆ حوكمڕانییەكی مەدەنی دیموكراتی فرەیی بەشێوەیەك كە ماف و ئەركەكان تیایدا یەكسان بێت و ھیچ جیاوازییەك نەبێت لە نێوان ڕەگەز و ئاین و نەتەوە جیاوازەكان".

ماوەیەك لەمەوبەر سەرۆكی شاندی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، لە لێدوانێكی دا بۆ رادیۆیەكی سەر بە ئۆپۆزسیۆن، سووكایەتی بە كورد كرد و گوتبووی "كورد تەنھا ڕێژەی %1 ی سوریا پێكدێنن و ئێستاش ھەموو بەكرێگیراوان لە جیھانەوە ھاتوون و داوای دەوڵەت دەكەن لە سووریادا".

ئەم لێدوانانەی زوعبی بە جۆرێك كاردانەوە و ناڕەزایی لێكەوتەوە كە بووە ھۆی ئەوەی ریاز حجاب ئەو لێدوانانەی ڕەتكردەوە و رایگەیاند كە بۆ ھیچ كەسێك نییە بەو جۆرە لەبارەی كوردەوە قسە بكات.