كونسوڵی توركیا لە ھەولێر: ھاوكاری ھاووڵاتیانی كوردستان دەكەین لە پێدانی ڤیزا

بەتایبەتی ئەوانەی بۆ تەندروستی و بازرگانی و گەشتوگوزار سەردانی توركیا دەكەن

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/796193d0-9c84-45a7-8fde-64944acded8d/Qunsuli%20Turkiya.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

كونسوڵی گشتی توركیا لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەركی ئێمەیە ھاوكاری ئەو ھاووڵاتیانە بكەین كە داوای ڤیزا دەكەن بۆ ئەوەی سەردانی توركیا بكەن.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) محەممەد ئەکیف ئینام، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە راستیدا پێدانی ڤیزا بە گوێرەی پاسپۆرتەكەیە، لای ئێمە ڤیزا بۆ پاسپۆرتی عێراقییە، كاری من لە ھەرێمی كوردستانە و ئەركی ئێمەیە ئاسانكاری بۆ ھەر ھاووڵاتییەكی ھەرێمی كوردستان بكەین كە لە لای ئێمە داوای ڤیزا دەكەن".

گوتیشی: "بەتایبەتی ھاوكاری ئەو كەسانە دەكەین كە دەیانەوێت بۆ بوارەكانی تەندروستی و بازرگانی و گەشتوگوزار سەردانی توركیا بكەن".

ئەمە لە كاتێكدایە ماوەیەكە بەھۆی چوونی ژمارەی زۆری كۆچبەران لە عێراق و سووریا بۆ توركیا كە لەوێوە روو لە وڵاتانی ئەورووپا دەكەن، توركیا رێوشوێنی ئەمنی توندی گرتوەتەبەر و پێدانی ڤیزا بە ھاووڵاتیان لە ھەرێمی كوردستان زەحمەت بووە.