حەشدی شەعبی لە سنووری گوندی بەشیر پێشڕەوی نەكردووە

ھێرشەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی گوندی بەشیر راگیران

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/3ab4de60-1ff3-47fb-8f52-ecc30b7b540a/zanyri%20ziatr%20lasar%20oporasioni%20gundi%20bashir.ism/manifest

K24 - كەركووك:

ھێزەكانی حەشدی شەعبی ھێرشەكانیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی گوندی بەشیر لە سنووری كەركووك راگرتووە و بە گوێرەی زانیارییەكان داعش ھەموو ئەو شوێنانەی كۆنتڕۆڵكردەوە كە لە چەند رۆژی رابردوو لە دەستی دابوون، فەرماندەكانی پێشمەرگەش بە حەشدی شەعبیان گوتووە، بە مەرجێك بەشداری لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشیر دەكەین رۆڵی سەرەكیمان ھەبێت.

پەیامنێری (كوردستان24) لە كەركووك رایگەیاند: "ئەمڕۆ ھێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی داعش لە گوندی بەشیر راگیراوە، لە ھەمانكاتدا داعشیش ھێرشەكانی لەو سنوورە راگرتووە، بەڵام لە ماوەی شەڕی ئەو چەند رۆژەدا ئەو شوێنانەی حەشدی شەعبی رزگاری كردبوون، جارێكی دیكە داعش كۆنتڕۆڵی كردنەوە، ئێستا ھیچ پێشڕەوییەك لە لایەن ھیچ كامیان نەكراوە ھەردوولا لە سەنگەرەكانی پێشووی خۆیانن".

بە گوێرەی زانیاری پەیامنێرمان: "لە شەڕەكانی چەند رۆژی رابردوودا 20 چەكداری حەشدی شەعبی كوژراون و زیاتر لە 40ی دیكەش بریندارن، فەرماندەكانی حەشدی شەعبی باس لەوە دەكەن، 47 چەكداری داعشیان كوشتووە".

پەیامنێرمان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "دوێنێ داعش بە سێ ئۆتۆمبێلی مین رێژكراو لە سنووری بەشیر ھێرشی كردە سەر سەنگەرەكانی داعش، شەڕێكی سەخت روویدا، بەڵام ھێزەكانی حەشدی شەعبی جگە لە كەناڵەكانی راگەیاندنی شیعە رێگەیان نەدا ھیچ كەناڵێكی راگەیاندن روماڵی شەڕەكە بكەن".

پەیامنری (كوردستان24) لە كەركووك ئەوەشی خستەڕوو: "پێدەچێت راگرتنی ھێرشەكانی حەشدی شەعبی و داعش لە سنووری گوندی بەشیر، ھۆكارەكەی نالەباری كەشوھەوا بێت، چونكە ئەو ناوچەی ھێرش لێ دەكەن سەر یەكتر ناوچەیەكی دەشتاییە و لەگەڵ بارانبارین ھەمووی دەبێتە قوڕ".

ئاشكراشی كرد: "دوای ئەوەی داعش سەنگەرەكانی پێشووی كۆنتڕۆڵكردەوە زیاتر ھێرشی دەكرد، بۆیە حەشدی شەعبی داوای لە ھێزی پێشمەرگە كرد بە تۆپباران كردن ھاوكاریان بكات، پێشمەرگەش بە سەختی تۆپبارانی چەكدارانی داعشی كرد و پێیراگەیاندن، ئەگەر دەتانەوێت پێشمەرگە لە ھێرشەكان بۆ كۆنتڕڵكردنی گوندی بەشیر ئەوا ھاوكارتان دەكەین، بەڵام دەبێ پێشمەرگە رۆڵی سەرەكی ھەبێت، تا ئێستا حەشدی شەعبی لەو بارەیەوە وەڵامی ھێزی پێشمەرگەی نەداوەتەوە".