فەرماندەیەكی پێشمەرگە: حەشدی شەعبی نایەوێت بەشیر كۆنتڕۆڵ بكرێتەوە

دەیانەوێت ھێز لە كەركووك جێگیر بكەن

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/8bfc82bf-8139-440c-b015-8f55149b0e6a/parti%20azadi%20u%20beshir.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

فەرماندەیەكی ھێزی پێشمەرگە لە رۆژئاوای كەركووك رایگەیاند، حەشدی شەعبی نایەوێت گوندی بەشیر كۆنتڕۆڵ بكرێتەوە، بەڵكو دەیانەوێت ھێز لە سنووری پارێزگای كەركووك جێگیر بكەن و مەرامی ئێران و شیعەكانی عێراق جێبەجێ بكەن.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) حوسێن یەزدان پەنا، فەرماندەی ھێزەکانی پارتی ئازادی کوردستان لە رۆژئاوای کەرکووك رایگەیاند: "حەشدی شەعبی نایەوێت گوندی بەشیر كۆنتڕۆڵ بكرێتەوە، چونكە بە بیانووی ھەبوونی داعش لە بەشیر و گرنگی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشیر دەیانەوێت بەردەوام ھێزیان لە ناوچەكە بێت، ئەمەش بۆئەوەیە ئەوەی كە ئێران و شیعە عێراقیەكان دەیانەوێت كەركووك پڕ بكەن لە حەشدی شەعبی ئەو ھێزانەی كە كێشەی گەورەی داھاتوومانن".

گوتیشی: "ئەگەر بۆیان بكرێت لە سنووری كەركووك بگەنە مەخموور لەوێوە بۆ مووسڵ و شنگال، لەوێشەوە لە سووریا تا دەگەنە لوبنان دەڕۆن، واتا ھیلالی شیعی لە رووی سەربازییەوە تەواو بكات، بۆ ئەوەی ھێزەكانی ئێرانی لە وڵاتی خۆیان سواری ئۆتۆمبێل بن تا دەگەن بە سووریان لوبنان".

گوتەی ئەو فەرماندە لە كاتێكدایە، چەند رۆژێك لەمەوبەر ھێزەكانی حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنی گوندی بەشیریان دەست پێكردووە، بەڵام بە گوێرەی دوای چەندین ھێرش بۆسەر داعش زانیارییەكان تا وێستا نەیانتوانیوە پێشڕەوی بكەن.