"پێویسته‌ كورد خۆی بۆ قۆناخی دوای كشانه‌وه‌ له ‌عێراق ئاماده‌بكات"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/930ef6e4-c036-4480-a52a-d45978c7217f/DoxiSyasiIraq-Slemani.ism/manifest

K24 - سلێمانی:

به‌هۆی گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كانی ناوخۆی عێراق، تا دێت پێگه‌ی سیاسی كورد له‌به‌غدا لاواز ده‌بێت، له‌م باره‌یه‌وه‌، ‌یاریده‌ده‌ری ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، ده‌ڵێت: "ئێستا به‌رپرسانی عێراق هیچ منه‌تێكیان به‌سه‌ركردایه‌تی كورد نه‌ماوه‌و پێویسته‌ كورد خۆی بۆ قۆناخی دوای كشانه‌وه‌له‌عێراق ئاماده‌بكات و دۆخی ناوخۆی باشووری كوردستانیش ئاسایی بكرێته‌وه‌".

هیچ كات هێنده‌ی ئه‌م رۆژانه‌ به‌رپرسانی باڵای به‌غدا و هه‌ولێر سه‌ردانی یه‌كترییان نه‌كردووه‌ و چاوییان به ‌یه‌كتر نه‌كه‌وتووه, كه‌چی ئه‌و هه‌مووه‌ سه‌ردان و هاتوچۆ گه‌رمانه، نه‌یانتوانی به‌سته‌ڵه‌كه‌ سیاسییه‌كه‌ی نێوانیان بتوێنێته‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ رابردوودا، به‌غدا به ‌پاڵپشتی راسته‌وخۆی هه‌ولێر، توانی خۆی له ‌هه‌ره‌سی یه‌كجاری رابگرێت, به‌ڵام ئێستا په‌رته‌وازه‌یی و ناكۆكی لایه‌نه‌كانی كورد، بۆ مه‌رامه‌كانی خۆی به‌كارده‌هێنێت, به‌جۆرێك، پشتی له‌ به‌‌ڵێنه‌كانی پێشووی كردووه‌ و زۆر بێمنه‌ته.

ئێستا له‌ باشووری كوردستان، باس باسی كشانه‌وه‌ی كورده‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق, به‌رپرسێكی باڵای یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌ڵێت: "پێویسته‌ كورد حیسابێكی ورد بۆ دوای كشانه‌وه‌ بكات, به‌ شێوه‌یه‌ك  ‌ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ دانه‌ دانه‌ له‌ بێژینگ بدات و بیخاته‌ به‌رده‌ستی خۆی".

ئێستا په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌جۆرێك ئاڵۆزبووه‌، بێناچێت وا به‌ئاسانی بتوانرێت گرێكوێره‌كان بكرێنه‌وه‌, ره‌نگه‌ رووداو و پێشهاته‌ خێراكانی ناوچه‌كه‌ش، به‌ یه‌كجاری ئه‌و تاڵه‌ مووه‌ش بقرتێنێت، كه‌ ئیستا ئه‌و دوو لایه‌نه‌ی به‌ یه‌كتر ‌به‌ستووه‌ته‌وه.