ئەمریكا فشار دەخاتە سەر ھەرێم بۆ مانەوە لەگەڵ عێراق

لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا، ئەمریکا ھەوڵ و فشارەکانی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و بارزانی چڕتر كردووەتەوە بۆ پابەندبوون بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی عێراق

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/8d75d6a8-9bc4-40ab-a3f9-cbfd409fad09/Amrika%20u%20Kurd.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

جارێکی دیکە کۆشکی سپی ھەوڵەکانی خستووەتەوە گەڕ بۆ فشارخستە سەر سەرکردایەتی کورد لەگەڵ حکوومەتی عێراقی نزیک ببنەوە و پارێزگاری لە عێراقێکی یەکگرتوو بکەن.

لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا، ئەمریکا ھەوڵ و فشارەکانی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و بارزانی چڕتر كردووەتەوە بۆ پابەندبوون بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی عێراق و پشتگیرییکردنی کورد لە گۆڕانکارییەکانی کابینەکەی عەبادی.

جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی:  " دەمەوێت پشتگیریی سەرۆک ئۆباما و جۆ بایدن و تەواوی ئیدارەی ئەمریکا بۆ سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادی و حکوومەتی عێراقی دووپات بکەمەوە و ئەوە لەبەرژەوەندی ئێمەیە کە حکوومەتێک و وڵاتێکی یەکگرتوو ببینین".

پاشان بەھەمان شێوە برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانێتی نێودەڵەتی بۆ شەڕ داعش، لە پیرمام لەگەڵ مسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆبوویەوە و ھەمان پەیامی گەیاندە بارزانی کە پێویستە کورد ھەر لەگەڵ عێراق بڕ بکات.

دوێنێ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی  پەیوەندی بە بارزانی کرد و داوای لێکرد ھەماھەنگی لەنێوان ھەولێر و بەغدا زیاتر بکەن، تا جارێکی دیکە عێراق لەدەست قەیرانەکان دەرباز بکەن.

مەحمود عوسمان, سیاسەتمەداری کورد تایبەت بە(كوردستان24) راگەیاند: "واشنتن ھەمیشە فشاری خستووەتە سەر کورد لەگەڵ بەغدا بمێنێتەوە و ھیچ کات فشاری لەسەر لەسەر بەغدا نەکردووە بۆ مەسەلەی کورد".

نزیکەی 8 ساڵە، ئۆباما لە ھەوڵدایە بۆ نزیککردنەوەی ھەولێر و بەغدا، بەڵام تا ئێستا بێ ئەنجام بووە، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، لە ھەشت مانگی کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتیدا، ئایا ئۆباما دەتوانێ ئەو ئامانجەی ھەشتە ساڵیەی بەدەست بێنێت.