"ده‌بێت له‌ بودجه‌ی حكوومه‌تی عێراق قه‌ره‌بووی ئه‌نفال ببڕێته‌وه‌"

له‌ هه‌ولێر چالاكییه‌ك له‌ 28 ساڵیادی ئه‌نفال به‌ڕێوه‌چوو

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/ceb81fb2-e88a-479b-a654-a45af50c453b/yadi%20anfal.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

له‌ 28 ساڵیادی ئه‌نفال رزگاربوویه‌كی چالاكییه‌كی له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو و رزگاربوویه‌كی ئه‌نفالیش چیرۆكی چۆنیه‌تی رزگاربوونی بۆ كوردستان24 ده‌گێڕێته‌وه‌.  

 مەریوان عەبدولقادر تاقانه‌ی ئه‌نفال بۆ كوردستان24 گوتی: "ته‌مه‌نم 13 ساڵ بوو به‌هاوكاری پوورێكم به‌ ناوی نه‌خشین له‌ زیندان‌ هه‌ڵاتم هاوكاری كردم كه‌ گوتی ئه‌نفال پیلانێكی داڕێژراوه‌ ئه‌گیان حكوومه‌ت ژن و منداڵی بۆچییه‌؟ ئه‌گینا منداڵی بچووك بۆ به‌ند ده‌كرێت؟ ئه‌گینا ئه‌و هه‌موو ئافره‌ته‌یان بۆ به‌ندكردووه‌؟".

مه‌ریوان عه‌بدولقادر گوتیشی: "هه‌ر له‌ پیلانی ئه‌وه‌بوو (پووره‌كه‌ی) ده‌رفه‌رتێك وه‌ربگرێت و بتوانێت من و كوڕه‌كی به‌ ناوی محه‌ممه‌د وابكه‌ین هه‌ڵبێین و بڕۆین".

ئه‌وه‌شی گوت: "هه‌تاكو خوای گه‌وره‌ رێكیخست له‌ ده‌رفه‌تێكدا له‌ نۆیه‌مین رۆژ له‌ زیندانه‌كه‌دا توانیمان به‌ هاوكاری ئه‌و پووره‌مان هه‌ڵبێین".  

حاكم حەمە كه‌ یەكێكە لە شایەتحاڵەكانی پڕۆسەی ئەنفال بۆ كوردستان24 گوتی: "بینیم نه‌خوشكمان نه‌دایكمان نه‌ باوكمان نه‌برام نه‌خێزانى خۆم نه‌ منداڵه‌كانی خۆم هیچیان نه‌ماون".

حاكم حه‌مه‌ ئه‌وه‌شی گوت: "بێجگه‌ له‌وه‌ش به‌ چاوی خۆم بینیم به‌ دووربین ته‌ماشامان كرد دوور به‌دووریان ئافره‌تیان سواری سه‌یاره‌كرد ئیڤا سه‌ربازییه‌كان منداڵه‌كه‌ی كه‌ یه‌ك منداڵی بوو له‌سه‌ر‌ زه‌وییه‌كه‌ بوو".

زیاتر گوتی: "سه‌ربازه‌كان ئافره‌ته‌كه‌یان سواری ئیڤاكه‌ كرد و بردیان و ژنه‌كه‌ بۆ منداڵه‌كه‌ی ئه‌گریا و منداڵه‌كه‌ش بۆ دایكی ئه‌گریا نه‌یانهێشت منداڵه‌كه‌ هه‌ڵبگرێت".

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی چۆن قه‌ره‌بووی ئه‌نفال بكرێته‌وه‌ گوڵناز عەزیز چالاكوان بۆ كوردستان24 گوتی: "به‌رپرسیارێتی ئه‌نفال ته‌نیا له‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی هه‌رێم نییه‌ له‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی عێراقه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م كه‌ چۆن قه‌ره‌بووی كوێت بڕاوه‌ته‌وه‌ له‌ بودجه‌ی حكوومه‌تی عێراق ده‌بێت قه‌ره‌بووی ئه‌نفال له‌ بودجه‌ی حكوومه‌تی عێراق ببڕێته‌وه‌".

گوڵناز عه‌زیز گوتیشی: "ئه‌و هه‌موو زه‌ره‌ر و زیانانه‌ی به‌ر ئه‌نفال به‌ر بارزانییه‌كان به‌ر فه‌یلییه‌كان، هه‌ڵه‌بجه‌ وێرانكاری كه‌ ئه‌مه‌‌ هه‌مووی به‌ یاسا سه‌لمێندراوه‌ له‌ دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق و حكوومه‌تی عێراق له‌به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی خۆی ئه‌كێشێته‌وه‌".

ئه‌وه‌شی گوت: "شتێكی تر به‌پرسیارێتیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌، چونكه‌ پرسی ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژیی ته‌نها مه‌ترسییه‌كه‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك و بۆ ئه‌و ناوچه‌ نییه‌ كه‌ لێی ئه‌قه‌ومێت".

م.ح