"بێ دادگاییكردنی تۆمه‌تبارانی ئه‌نفال هه‌موو قه‌ره‌بوو و به‌جیهانناساندنێك به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌"

"داواكارین به‌ زووترین كات فشار بخرێته‌ سه‌ر عێراق بۆ ئه‌وه‌ی په‌یماننامه‌ی رۆما واژۆ بكات"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/bbed5e5f-d199-42ad-8424-a57af5217a98/xopishandan%20bo%20anfal.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

له‌ بیست و هه‌شته‌مین ساڵیادی كاره‌ساتی ئه‌نفال، له‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌تی داد و ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌ هه‌ولێر گردبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌چوو.

ستار عەبدوللآ نوێنەری کەسوکاری ئەنفالکراوەکان راگه‌یاندراوێكی خوێنده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "تۆمه‌تبارانی ئه‌نفال به‌رده‌وام ژماره‌یان له‌ كه‌مبوونه‌وه‌دایه‌ و لێیان ده‌كوژرێت و یان ده‌مرن".

ستار عه‌بدولڵا گوتی: "به‌مه‌ش زیانێكی گه‌وره‌ له‌ دۆسیه‌ی جینۆسایدی كورد ده‌كه‌وێـت".

ئه‌وه‌شی گوت: "چونكه‌ ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ به‌ بارته‌قای قوربانیان له‌ رووی دیاریكردنی حه‌قیقه‌تی تاوانه‌كه‌ بگره‌ زیاتریش مانه‌وه‌یان بۆ دۆسیه‌كه‌ گرینگه‌".

ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد: "لاپه‌ڕه‌ی گرینگی تاوانه‌كان له‌ باخه‌ڵی ئه‌ماندایه‌ و لایه‌نێكی لایه‌نێكی گرینگی ده‌رخستنی حه‌قیقه‌ته‌كانن".

نوێنەری کەسوکاری ئەنفالکراوەکان زیاتر گوتی: "به‌بێ دادگاییكردنی ئه‌م تۆمه‌تبارانه‌ هه‌موو قه‌ره‌بوویه‌ك و به‌جیهانناساندنێك به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌".

شوان سابير نوێنەری  رێکخراوەکانیش گوتی: "له‌م یاده‌دا داواكارین به‌ زووترین كات فشار بخرێته‌ سه‌ر عێراق بۆ ئه‌وه‌ی په‌یماننامه‌ی رۆما واژۆ بكات و په‌یوه‌ست بێت به‌ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه و ببێته‌ وڵاتی 125 له‌م دادگایه‌‌".

 م.ح