جۆن كیری: شەڕ دژی ئایدۆلۆژیا و پڕوپاگەندەكانی داعش دەكەین

"لەگەڵ ھاوپەیمانان بەردەوام دەبین لە راوەدوونانی داعش و لەناوبردنی سەركردەكانیان”

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/243e0df8-98c8-43c0-bd51-0f7bac75b188/kerry-isis-syria.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند ھاوپەیمانێتی دژ بە داعش بە سەركردایەتی ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە راودوونانی داعش و كوشتنی سەركردەكانیان و كردنە ئامانجی سەرچاوە داراییەكانی رێكخراوەكە. 

جۆن كیری دەڵێت: "لەگەڵ ھاوپەیمانان بەردەوام دەبین لە راوەدوونانی داعش و لەناوبردنی سەركردەكانیان، بەردەوام دەبین لە كردنە ئامانجی سەرچاوە داراییەكانیان و وشكردنیان، لە سەرانسەری دونیا شەڕ لە دژی ئایدۆلۆژیا و پرۆپاگەندەكانی داعش دەكەین".

ھەروەھا جۆن كیری گوتیشی: "ئێمە لێكۆڵینەوە لە ھەموو كارێكی توندوتیژی لە سووریا و عێراقدا دەكەین، لە ھەموو شوێنێك ئێمە دژی دەستدرێژیكردنین و ھاوكاری ھەموو قوربانییانی توندوتیژی دەكەین، كەسانێك ھەن بڕوایان وایە ئاشتی و ئارامی بۆ سووریا ناگەڕێتەوە و وڵاتەكە بنیاتنانرێتەوە، من دەڵێم وانییە ھەرچەندە كارێكی سەختە بۆ سوورییەكان، بەڵام مەحاڵ نییە".

ھاوكات جۆن كیری گوتی: " بەدوای رێگە چارەیەكی ئاشتی و  سیاسی بۆ سووریا دەگەڕێین، بە شێوەیەك بتوانین ھاوكاری مرۆیی بگەینینە شوێنە گەمارۆدراوەكان و ئاگربەست لە وڵاتەكە جێگیر بكەین، بێتاوانان لە زیندانەكان رزگار بكەین، لە ھەوڵدادەبین حكوومەتێكی گواستراوە پێكبھێنرێت لە چوارچێوەی دانیشتنەكانی جنێڤ و بڕيارەكانی ئەنجوومەنی ئاسیاش، ئەمە بۆ ئەوەیە شەڕی 5 ساڵەی سووریا كۆتای پێبێت.