واشنتن ئێران به‌ پێشێلكردنى مافى كورد تاوانبار ده‌كات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئێران بە پێشێلكردنی مافی نەتەوەكان و لەوانە كورد، تاوانبار دەكات.

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئێران بە پێشێلكردنی مافی نەتەوەكان و لەوانە كورد، تاوانبار دەكات.

لە راپۆرتی ساڵانەیدا لە بارەی پرسی مافی مرۆڤ لە جیھان، ئەمریكا، ئێران وەكو وڵاتێكی دیكتاتۆر ناو دەبات كە بەشێوەیەكی بەربڵاو مافی مرۆڤ و ئازادییە تاكەكەسییەكان پێشێل دەكات و ئەو وڵاتە بە توندوتیژی و ئازار و ئەشكەنجەی نەتەوەكانی ديكه‌ وەكوو كورد، تورك، عەرەب و بەلووچ تۆمەتبار دەكات.

لەو راپۆرتەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئاماژە بەو وڵاتانە دەكات كە زۆرترین رێژەی پێشێلكردنی مافی مرۆڤیان ھەیە و ئێران ، كۆریای باكوور، چین و كۆبا و تاجیكستانیش لە ریزبەندی یەكەمی ئەو وڵاتانەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئێران بە ئەشكەنجەدان و توندوتیژی بەرامبەر زیندانیانی سیاسی و دژبەرانی حكوومەت تۆمەتبار دەكات و دەڵێت: تەنیا لە ساڵی رابردوودا،964 كەس لە ئێران لە سێدارەدراون كە 33 كەسیان لە پێش چاوی خەڵك و لە شوێنە گشتییەكاندا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێكراوە.

بە گوێره‌ى ئەو راپۆرتە لە ئێستادا زیاتر لە ھەزار زیندانی سیاسی و بيروباوه‌ڕيى لە ئێران ھەن. ئەمە لە كاتێكدایە كە وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو كە لە ئێراندا زیندانیی سیاسی بوونی نییە.

و: گوڵباخ به‌هرامى