تیروپشكی پێشكۆتاییی یۆرۆپالیگ راكێشرا
K24- هه‌ولێر
له شاری نیۆنی سویسڕا تیروپشكی قۆناخی پێشكۆتاییی و فیناڵی یۆرۆپالیگ راكێشرا.
به‌پێی ئه‌نجامی تیروپشكه‌كه یانه‌كانی شاختار دۆنێتسكی ئۆكراینی و سێڤییای ئیسپانی رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه، كه یاری یه‌كه‌م له دۆن باس ئارینا ده‌كرێت و یاریی دووه‌میش له یاریگه‌ی سانچێز پیزخوانی تایبه‌ت به سێڤییای پاڵه‌وانی دوو وه‌شان رابردوو ده‌بێت. یانه‌كانی ڤیاڕیالی ئیسپانی و لیڤه‌رپوولی ئینگلیزیش به‌رامبه‌ر یه‌كتری یاریی ده‌كه‌ن، كه یاریی یه‌كه‌م له یاریگه‌ی مادریگاڵ ده‌بێت و یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ش له یاریگه‌ی ئانفێڵد ده‌كرێت.
یارییه‌كانی چوون له رۆژی 28ی ئه‌م مانگه ده‌كرێن و یارییه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ش له رۆژی 5ی مایۆ به‌ڕێوه ده‌چن، رۆژی 18ی مایۆش فیناڵی یۆرۆپالیگ له شاری بازل له سویسڕا ئه‌نجام ده‌درێت و پاڵه‌وانی ئه‌م خوله ئاشكرا ده‌بێت.