نەخشەڕێگەیەکی نوێی وەبەرهێنان لە سلێمانی جێبەجێ دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ پاراستنی سەرمایە لە مەترسییەکان جێبەجێ دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی نەخشەرێگەی پاراستنی سەرمایە لە سەرکێشییە ئابوورییەکان جێبەجێ دەکات، ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی قسەی بۆ کوردستان24 کردووە و دەڵێت؛ لە چوارچێوەی کارەکان لووتکەی ئابووری سلێمانی، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ پاراستنی سەرمایە لە مەترسی و ریسکە ئابوورییەکان جێبەجێ دەکرێت.
هەروەها گوتیشی، نەخشەرێگەی نوێی پاراستنی سەرمایە بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند لایەنێک و رێکخراوێک جێبەجێ دەکرێت و ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردن و هەرکاتێک نەخشەرێگەکە تەواوکرا لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە کاری لەسەر دەکەن. دڵنیاشی دا هەموو هەوڵێک بۆ پاراستنی سەرمایە و مەترسی و سەرکێشییە ئابوورییەکان دەکەن و هاووڵاتیش چەقی کار و پڕۆژەکانیانە و ئامانجیشیانە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی زیاتر بەرەوپێش ببەن.
بە گوێرەی داتاکان ساڵی رابردوو بە بەهای ملیارێک و 800 ملیۆن دۆلار 50 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سلێمانی جێبەجێکراون و زۆرترین پڕۆژەش لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیارییەوەن.