رێكخراوێكی كوردی داوایه‌ك له‌ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

رێكخراوی داكۆكی لە مافی مرۆڤی كوردستان لە نامەیەكدا بۆ فێدریكا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا، داوای ئازادكردنی محەمەد سدیق كەبودوەند، سەرۆكی ئەو رێكخراوە دەكەن.

رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان لە نامەكەیدا، داوا لە موگرینی دەكات لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، پرسی زیندانیكردنی نادادپەروەرانەی كەبودوەند و كردنەوەی كەیسی ئەمنییەتی لەلایەن دەزگا ئەمنییەكان بۆ درێژ كردنەوەی ماوەی  مانەوەی ناوبراو لە زیندان، باس بكرێت و داوا لە ئێران بكات سەرۆكی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان ئازاد بكات.

بڕیارە سبەی شەممە، موگرینی بە سەردانێكی یەكڕۆژە، بگاتە تاران و له‌گەڵ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئێران كۆببێتەوە.

محەمەد سدیق كەبودوەند، دامەزرێنەر و سەرۆكی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان و سەرنووسەری ھەفتەنامەی (پەیامی خەڵك) ساڵی 2007، بە تۆمەتی ھەوڵدان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دەستگیركرا و بە 11 ساڵ زیندان سزا درا، دوای تێپەڕاندنی 9ساڵ لە ماوەی حوكمەكەی، دەزگا ئەمنییەكانی ئێران، ھەوڵی درێژكردنەوەی ماوەی زیندانیكردنەكەی دەدەن.