کوردستان24 باشترینەکانی چوارگۆشه‌ی زێڕینی خولی نایابی کوردستان هەڵدەبژێرێت

بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی میدیایەکانی کوردستان

K24- هەولێر

کوردستان24 بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی میدیایەکانی کوردستان هاوشێوەی میدیا پڕۆفیشناڵ و بەناوبانگەکانی جیهان باشترینەکانی قۆناخی دووه‌م (چوارگۆشه‌ی زێڕین)ی وەرزی 2015-2016ی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان دەکات، کە ئەم نوێکارییەش دەبێتە بەشێک لەو رووماڵە تایبەت و نوێیەی دێسکی وەرزشی کوردستان24 لە سەرەتای کارکردنییەوە بۆ خولەکەی دەکات.

ئەم راپرسییە لەسەر ستانداردە جیهانییەکان دەکرێت و هیچ کەسێک ناتوانێت لە دەنگێک زیاتر بدات، چونکە دوای دەستنیشانکردنی ئەو بژاردەیەی کە هەڵیدەبژێریت، خۆکارانە داوات لێدەکرێت وەڵامی پرسیارێکی بیرکاریانە بدەیتەوە. 

یەکەمجارە لە کوردستان بەمشێوەیە راپرسی وەرزشی بکرێت

کوردستان24 دەبێتە یەکەم میدیای کوردی دوای تەواوبوونی خولی نایابی کوردستان، باشترینەکانی خولەکە دەستنیشان بکات، کە هەموو وەرزێک رۆژنامەی مارکای ئیسپانی باشترینەکانی لالیگا، تۆڕی میدیایی بی بی سی بەریتانی باشترینەکانی پرێمەرلیگ، رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرت باشترینەکانی سێریا ئەی، گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵی فڕەنسی باشترینەکانی لیگ1، رۆژنامەی کیکەر باشترینەکانی بۆندزلیگا و کەناڵی سکای سپۆرت باشترینەکانی پرێمەرلیگ دەستنیشان دەکەن.

یەکەمجارە لە کوردستان دەزگایەکی میدیایی باشترینەکانی وەرزی خولی کوردستان دەستنیشان بکات، کە لە سەرەتای خولەکەوە کوردستان24 هەموو هەینییەک لە ئەمڕۆی وەرزشدا کۆکراوەی یارییەکانی خولەکەی رووماڵ دەکرد و چەندان کەیسی شاراوەی خولەکەی پیشانی هاندەران دا. 

چۆن دەنگ دەدەیت؟

لەلای چەپی شاشەوە بژاردەکان هەن، کە بۆ باشترین یاریزانی خولەکە هەریەکە لە 

شوان مامۆ (پێشمەرگەی هەولێر)، فەرحان شوکر (هەولێر)، ئیڤان خالید (هه‌ولێر)، فەرهەنگ وریا (پێشمەرگەی هەولێر)، خالید موشیر (دهۆک)، بەیار ئەبوبەکر (دهۆک)، هەردی سیامەند (هەولێر)، رێبەر محەمەد (زاخۆ)، جاسم محەمەد حاجی (زاخۆ)،عەبدوڵا عەلی (پێشمەرگەی هەولێر) بەربژێرن. بۆ باشترین راهێنەریش هەریەکە لە سەمیر بابۆ (پێشمەرگەی هەولێر)، یوسف کاکێ (هەولێر) و محه‌مه‌د یووسف (دهۆک) بەربژێرکراون و لەسەر ئاستی گۆڵپارێزەکانیش .کاوە حەسۆ (پێشمەرگەی هەولێر)، رێباز عەبدوڵا (هەولێر)، زنار فەیزی (دهۆک)، دلۆڤان مەهدی (زاخۆ) رکابەری لەسەر ناسناوی باشترین گۆڵپارێزی ئەم وەرزەی خولەکە دەکەن.

بەربژێرەکان لەلایەن دێسکی وەرزشییەوە دەستنیشانکراون و دوای ئەوەی ئەو بەربژێرەت دەستنیشان کرد، کە دەتەوێت دەنگی پێبدەی لە خوارەوە پرسیارێکی بیرکاریانەت لێکراوە، بۆ نموونە نووسراوە (63 + 3= ؟)، کە پێویستە تۆ لە بۆشاییەکەی خوارەوە بنووسیت 66 کە دەکاتە ئەنجامی کۆکردنەوەی پرسیارەکە.