وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا زانیاریی هه‌ڵه له باره‌ی ئه‌نفاله‌وه بڵاوده‌كاته‌وه
K24- هه‌ولێر:
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، شاڵاوی ئه‌نفال به كوشتنی عێراقییه‌كان ناو ده‌با و ژماره‌ی قوربانییه‌كانیشی ته‌نیا به (نزیكه‌ی 5000 كه‌س) مه‌زه‌نده ده‌كات.
جۆن كێربی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، دوێنێ له ساڵرۆژی شاڵاوی جینۆسایدی ئه‌نفال، له كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی رۆژانه‌ی خۆیدا، باسی پرۆسه‌ی ئه‌نفالی كرد و به "شاڵاوی به‌ربه‌ری ئه‌نفال" ناوی برد كه رژێمی سه‌ددام حوسێن دژی نه‌ته‌وه‌كانی "كورد ، ئاشووریی، شه‌به‌ك ، توركمان و مه‌ندائی و ئێزیدیی" ئه‌نجامیداوه.
له ده‌قی قسه‌كانی كێربی، كه له سایتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكادا بڵاوكراوه‌ته‌وه، هاتووه: "ئه‌مڕۆ له عێراق، به خه‌مگینیه‌كی زۆره‌وه یادی قوربانیانی شاڵاوی به‌ربه‌ری سه‌دام حوسێن ده‌كه‌ینه‌وه كه نزیكه‌ی 28 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له دژی هاووڵاتییانی عێراقی له كورد، ئاشووری ، شه‌به‌ك، توركمان، مه‌ندائیی، ئێزدی و پێكهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه ئه‌نجاميدا. شاڵاوی تۆقێنه‌رانه‌ی ئه‌نفال، بووه هۆی كوشتنی هه‌زاران ژن وپیاو ومنداڵی عێراقی (راستییه‌كه‌ی نزیكه‌ی پێنج هه‌زار كه‌س) هه‌روه‌ها بووه هۆی برینداربوون و په‌ككه‌وته‌بوونی چه‌ندانی دیكه. وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و خه‌ڵكی دیكه له‌سه‌رتاسه‌ری دنیا و عێراق هاوخه‌م و به‌شدارن له رێزگرتن له قوربانییانی ئه‌م شاڵاوه تووندوتیژی و وه‌حشییانه‌یه . بێگومان جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌مووعیراقییه‌كانین به‌وانه‌ش كه له هه‌رێمی كوردستانن، كه ئه‌مڕۆ كارده‌كه‌ن بۆ تێكشكاندنی داعش و چه‌سپاندنی دیموكراسی و ئاسایش و به‌دیهێنانی دوارۆژێكی گه‌شه‌سه‌ندوو له رووی ئابوورییه‌وه بۆ عێراق".
ئه‌م هه‌ڵوێست وزانیارییه ناڕاستانه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ناڕه‌زایی له نێو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دروستكردووه كه وه‌ك زۆر چالاكوان ده‌ڵێن سه‌ره‌ڕای نیشاندانی دۆستایه‌تی له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستانه‌وه بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ، كه‌چی واشنتن زۆر بێباكانه ته‌ماشای كورد ده‌كا و ته‌نانه‌ت تائێستاش ئاماده‌نییه ئه‌نفال وه‌ك جینۆساید بناسێنێت.