جۆن كێربی: بەدوای رێگا چارەیەك دەگەڕێین بۆ ھاوكاریكردنی ھەرێمی كوردستان

“ئەمریكا ئاگاداری ئەو قەیرانە داراییە كە رووبەڕووی ھەرێمی كوردستان بووەتەوە”

K24 – ھەولێر:

جۆن كێربی، رایگەیاند كەوا ئەمریكا ئاگاداری ئەو قەیرانە داراییە كە رووبەڕووی ھەرێمی كوردستان بووەتەوە، بە دوای رێگایەك دادەگەڕێین بۆ ھاوكاریكردنی ھەرێمی كوردستان و عێراق.

جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند کە پێش چەند ھەفتەیەک جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە عێراق بوو و لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبوویەوە، سەبارەت بە ھاوکاریکردنی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە.

لەوبارەیەوە جۆن کێربی گوتی:" ئێمە ئاگاداری ئەو قەیرانە داراییەین کە  نەک تەنیا رووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بووەتەوە، بەڵكو رووبەڕووی تەواوی عێراق بووەتەوە، بەردەوام دەبین تا بەدوای رێگایەكدا بگەڕێین بۆ ھاوکاریکردنیان"

نزیکەی ھەفتەیەکە شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمریکایە، بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و ئاگادارکردنەوەیان لە رەوشی ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە.

بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بودجە لە لایەن حكوومەتی عێراق دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان لاواز بووە.