زياتر له‌ 45 مليۆن ئێرانى تێليگرام به‌كارده‌هێنن

سه‌ردانى موگرينى باسى گه‌رمى رۆژنامه‌كانى تارانه‌

K24 – هه‌ولێر:

رۆژنامەكانی رۆژی یەكشەممەی چاپی تاران، سەردانەكەی ڤێدريكا مۆگرینیان وەك مانشێتی سەرەكی لە لاپەڕەی یەكه‌مدا داناوە و هەركامەیان باسیان لە لایەنێكی سەردانەكەی كردووە. لە تەنیشت ئەو بابەتە كۆمەڵێك بابەتی جۆراوجۆری دیكەشیان ورووژاندووە.

رۆژنامەی ئیران، لە زمانى ئیسحاق جەهانگیری جێگری سەرۆك كۆمارەوە نووسیویەتی: لە رابردوودا هیچ دامەزراوەیەك یەك دۆلار لە پارەی فرۆشتنی نەوتی بۆ حكوومەت نەگەڕاندووەتەوە.

جەهانگیری دەڵێت: ئەوكاتەی فرۆشتنی نەوت گەمارۆی لەسەربوو، دامەزراوەكان نەوتیان لە وەزارەتی نەوت وەردەگرت، خۆیان دەیانفرۆشت و پارەكەیان بۆ حكوومەت نەدەگەڕاندەوە.

رۆژنامەی شەهروەند، لە لاپەڕەی كۆمەڵایەتیدا نووسیویەتی: بە پێی دوایین بەدواداچوونەكان 45 ملیۆن ئێرانی كەڵك لە ئەپڵیكەیشنی پێوەندییەكانی تێليگرام وەردەگرن و ئەمە لە كاتێكدایە كە بەڕێوبەرانی ئەو ئەپلیكەیشنە بەر لە نەورۆزی ئەمساڵ رایانگەیاند، رێژەی هەموو بەكاربەرانی ئەو تۆڕە گەیشتووەتە 100 ملیۆن كەس و رۆژانە نزیكەی 15 ملیار پەیام بە تێلێگرامدا دەنێردرێن.

رۆژنامەی جەوان، رەخنەی لە سەردانی مۆگرینی بۆ ئێران گرتووە و لە ژێر ناونیشانی موسافیری ئەورپایی بە جانتای مافی مرۆڤەوە، نووسیویەتی: ئەم سەردانە لەمێژە پلانی بۆ داڕێژراوە و هەندیك لە پەرلەمانتاران و ئین جی ئۆكانی سەر بە دەزگا سیخوڕییەكانی خۆرئاوا لەپشت ئەم سەدانەن و داوایان لە موگرینی كردووە تەوەری گرنگی سەردانەكەی بۆ مافی مرۆڤ تەرخان بكات.

رۆژنامەی ئیعتماد، لە ژێر مانشێتی جێگیركردنی دووبارەی گەشتی ئیرشاد لە نێو شاردا، نووسیویەتی: هەموو ساڵێك لەسەرەتای بەهار هەواڵی بڵاوبوونەوەی یەكەكانی چاودێریكردنی چۆنێتیی جلپۆشینی خەڵك لە نێو مۆڵ و جادە و شەقامەكاندا بڵاو دەبێتەوە و ئەم چالاكییە تا كۆتایی هاوین بەردەوامە.

پۆلیسی گەشتی ئیرشادی هێزی ئينیتزامی، بەره‌وڕووی ئەو ژنانە دەبنەوە بە پێی رێنوماییەكانی ئایین خۆیان داناپۆشن.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/ad8de402-c452-46ff-a9eb-176da481430c/Rojanemekani%20yekshemme.ism/manifest