لە ئەفغانستان بەھۆی ھەژاریەوە گوڵی خەشخاش دەچێندرێت

ئەفغانستان بە سەرچاوەی سەرەكی چاندنی ماددەھۆشبەرەكان دادەنرێت و بووه‌تە سەرچاوەی سەرەكی داھاتیش، جوتیارانی سەر بە پارێزگای قەندەھار و ھیلمەند بەھۆی ھەژاریەوە دەستیان داوه‌تە چاندنی گوڵی خەشخاش كەدەبێتە ھۆی بەرھەمھێنانی تلیاك و ھێرۆین و چەند ماددەیەكی دیكەی ھۆشبەر.

K24 – هه‌ولێر:

ئەفغانستان بە سەرچاوەی سەرەكی چاندنی ماددەھۆشبەرەكان دادەنرێت و بووه‌تە سەرچاوەی سەرەكی داھاتیش، جوتیارانی سەر بە پارێزگای قەندەھار و ھیلمەند بەھۆی ھەژاریەوە دەستیان داوه‌تە چاندنی گوڵی خەشخاش كەدەبێتە ھۆی بەرھەمھێنانی تلیاك و ھێرۆین و چەند ماددەیەكی دیكەی ھۆشبەر.

بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەكان بەكارھێنانیان قەدەغەیە و  ئێستاش سەدان قاچاغچی ماددەى هۆشبەر لە ئەفغانستان دەستگیر كراون، بەڵام هیچكات نەدراونەتە دەست یاسا.

ئەو ناوچەیە 30  كیلۆمەتر لە شاری قەندەھاری ئەفغانستانەوە دوورە، لێرە گوڵی خەشخاش بەئاشكرا دەچێنرێت و بەرھەمدەھێنرێت، كەچەندین ساڵە بووه‌تە سەرچاوەی دارایی ھاووڵاتيانی ئەو گوندە و چەند ناوچەیەكی دیكە، كەوەك خۆیان دەڵێن ناچارن بەھۆی نەبوونی كار، خۆمان بە چاندنی ئەم گوڵەوە خەریك بكەين.

ھاجی  جنان، جووتيارێكى ناوچه‌كه‌يه‌ و ده‌ڵێت: ئێمە گوڵی خەشخاش دەچێنین لەبەرئەوەیە، كەحكومەت ھاوكاریمان ناكات و خاوەنی 20 سەر خێزانم و دەبێت خواردنیان بۆ پەیدابكەم، ئێمە ھەژارین و لە گوندەكەمان كێشەی زۆرمان ھەیە، نە كارەبامان ھەیە نە نەخۆشخانە. چووینە لای بەرپرسە باڵاكانی حكومەت پێمان گووتن كێڵگەكانمان تێكمەدەن، چونكە پارەمان لێ خەرجكردوە و ماندوبوینە، ئەوانیش رێگەیان پێداین كەبەرده‌وام بین.

منداڵانیش ھاوشان لەگەڵ گەورەكان بۆ بەدەستھێنانی بژێوی ژیانیان كاردەكەن و بێ ئومێدن لەداھاتووی خۆیان.

منداڵێك له‌و باره‌يه‌وه‌ ده‌ڵێـت: من سەرقاڵی كاركردنم بە گوڵی خەشخاش، لێرە قوتابخانە نییە، بۆیە دەبێت ھاوكاری باوك و براكانم بكەم لە چاندن و لێكردنەوەی گوڵەكان.

گوڵی خەشخاش بەتایبەتی لە پارێزگای قەندەھار و  ھیلمەند دەچێندرێت و خاكی ئەم ناوچەیە زۆر لەبارە،  خەشخاش كە دەچێنرێت پاش ئەوەی گوڵ دەكات بەنووكی چەقۆیەكی تیژ گوڵەكە بریندار دەكرێت و ئەو ماددەی لێی دەڕژێت كە سەرەتا سپییە و  دوای ماوەیەك دەبێتە مادەیەكی رەش و  پاشان ئەوە كۆدەكرێتەوە دەیكەنە تلیاك و ھێرۆین و كریستاڵ. دوای ماندووبونێكی زۆریش  ھاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە كیلۆیەك تلیاك بەبڕی 200 تا 250 دۆلار دەفرۆشنەوە.

بەرپرسانی پارێزگای قەندەھاریش ئاماژەیاندا، بۆ واز ھێنان لەچاندنی خەشخاش چەند پڕۆژەیەكی جێگرەوەیان ئەنجامداوە.

عەبد عەلی شامسی، جێگری دادوەری قەندەھار ده‌ڵێت: ئێمە لەپەیوەندیداین لەگەڵ وەزارەتی بەرەنگاربونەوەو نەھێشتنی مادەھۆشبەرەكان و داوامان كردوە ھاوكاریمان بكەن بۆ ئەوەی بەزووترین كات رووبەڕووی ئەوانە ببینەوە كە لەقەندەھارو شوێنەكانی دیكە كە گوڵی خەشخاش دەچێنن، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە بەھۆی كەموكوڕییەكانی وەزارەت و حكومەت.

بەگوێرەی راپۆرتی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەفغانستان ساڵانە رێگەی بازرگانیكردن بە ماددەھۆشبەرەكان 61  ملیار دۆلار داهاتییەتی و  ئاماژەش بەوە دەكەن چاندن و  بەرهەمهێنان و بەقاچاغ بردنی ماددەهۆشبەرەكان لەم وڵاتە داكشانی بەخۆوە نەبینیوە و بگرە زیاتریش بووە.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/50b0e184-8ff2-4094-8e18-8d5a2265eb0e/avghanstan%20heroyn.ism/manifest