پزیشكانی یۆنان ھۆشداری دەدەن لە بڵابوونەوەی نەخۆشی لە كەمپی ئایدۆمینی سەر سنوری مەكدۆنیا

بەگوێرەی بنكەی تەندروستیی یۆنان لە كەمپەكە، نەخۆشییەكانی ھەناو و ھەوكردنی گەدە و ریخۆڵە و نەخۆشییەكانی پێست و كۆكە، لە سەراپای 11ھەزار نیشتەجێی كەمپەكە بڵاوبووەتەوە.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/75a054bc-b748-4fe4-bcf6-ff4e648be957/BLawbunaway%20naxoshi%20la%20yonan.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

تادی رەوشی تەندروستیی پەنابەرانی كەمپی ئایدۆمینی سەر سنوری یۆنان مەكدۆنیا بەرەو خراپتر دەچێت، بەگوێرەی بنكەی تەندروستیی یۆنان لە كەمپەكە، نەخۆشییەكانی ھەناو و ھەوكردنی گەدە و ریخۆڵە و نەخۆشییەكانی پێست و كۆكە، لە سەراپای  11 ھەزار نیشتەجێی كەمپەكە بڵاوبووەتەوە.

 پاڤلی ئەندرولە پزیشك لە بنكەی تەندروستیی یۆنان بۆ كۆنتڕۆلكردنی نەخۆشی دەڵێت: "ئەو ئاگادارییانەی لەلایەن بنكەی تەندروستی یۆنانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشی، چاپ كراون، باس لە مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دەكەن لە كەمپی ئایدۆمینی، رەوشی تەندروستی ھاوڵاتییان لەم كەمپە زۆر خراپە، ئەو نەخۆشیانەی لەو كەمپەكەدا بڵاون بریتین لە  نەخۆشییە گواستراوەكان، ھەوكردنی گەدە و ریخۆڵە، نەخۆشییەكانی ئاوی پیس یان پێست و ئەوانەی لە مێشولە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە، بۆیە داوا دەكەین ئەو پەنابەرانەی ئێرە بۆ كەمپی باشتر بچن".

محەممەد جاروشە پەنابەری سووری گوتی: " من بۆ ماوەی دوو مانگە لێرەم لەگەڵ خێزانەكەم و منداڵە یەك ساڵییەكەم  و ماڵی باوكم لێرەم، دۆخی ژیانمان لێرە زۆر لە رەوشی سووریا خراپترە من ئێستا ھیچم نییە".

یەكێتی ئەوروپا لە ناوەڕاستی ئاداردا بڕیاریدا دەروازەی سنوری وڵاتانی بەلكان بەڕووی پەنابەران دابخات، بۆ ئەوەی كۆچی پەنابەران بۆ باكووری ئەوروپا رابگرێت، سەرەڕای ئەمە پەنابەران سورن لەگەیشتن بەو وڵاتانە و رۆژانە دەیان پەنابەران خۆیان دەگەیننە دوورگە و كەناراوەكانی یۆنان.