ميدياى ئێران هه‌واڵى ده‌ستدرێژيكردنه‌ سه‌ر و كوژرانى كچێكى ئه‌فغانى فه‌رامۆشده‌كه‌ن

و لە نێوان رۆژنامەکانی لایەنگر و نه‌يارى حکوومەتی رووحانیدا، بابەتی رێککەوتنی ناووکی مانشێتی سەرەکییە.

K24 – هه‌ولێر:

رۆژنامەکانی رۆژی دووشەممەی تاران بابەتە گرنگەکانی ئێرانیان کردووەتە مانشێتی سەرەکی و لە نێوان رۆژنامەکانی لایەنگر و نه‌يارى حکوومەتی رووحانیدا، بابەتی رێککەوتنی ناووکی مانشێتی سەرەکییە.

رۆژنامەی ئيبتکار لە وه‌ڵامی هێرشی رۆژنامەکانی دژ بە حکوومەتی رووحانی نووسیویەتی: دوای گوتەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندی، هەندێک لە رۆژنامەکانی رەخنەگری حکوومەت لە ئاکارێکی زنجیرەییدا بە مانشێتی وەک یەک دەستیان بە بێ بایەخ پێشاندانی بەرجام کرد و پێشانیان دا دەیانەوێت خەڵک لە بەرامبەر دەستکەوتەکانی بەرجامدا دڵسارد بکەنەوە.

رۆژنامەی جيهانى سنعەت، لە لاپەڕەی کۆمەڵایەتی ئاوڕی لە کوشتنی کێژۆڵەیەکی ئەفغانی لە باشووری شاری تاران داوەتەوە و نووسیویەتی: دوای تێپەڕینی پێنج رۆژ بەسەر دۆزینەوەی تەرمی "ستایش" و بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستدرێژیی بۆ سەر ئەو کچە شەش ساڵییە، یەکەم کاردانەوەکان لە دوو کەناڵی تەلەفزیۆنیی دەره‌وە بوون و تا ئێستا راگەیاندنی ناوخۆ باسی ئەو بابەته‌یان نەکردووە.

رۆژنامەی تەعادول باس لە پرسی گواستنەوەی ئاوی دەریای خەزەر بۆ ناوەندی ئێران دەکات و لەژێر مانشێتی ئاوی خەزەر لیتری بە 11 هەزار تمەن (نزیکەی 3 دۆلار) دەگاتە سمنان، نووسیویەتی: ئەمە لەکاتێکدایە کە ئاوی دەریای خەزەر 26 و نیو تا 28 متر لە رووبەری دەریاکان نزمترە و پارێزگای سمنانیش نزیکەی 1130 مه‌تر لە ئاستيى دەریا بەرزترە.

دوای ئاڵۆزبوونی په‌يوەندییەکانی ئێران و سعوودییە، کێشەی نێوانیان بەردەوامە و رۆژنامەی وەتەنى ئه‌مروز، باسی کێشەی ڤیزەی حەجی ئێرانییەکانی کردووە و لە زمانى سەرۆکی حەج و زیارەتی ئێرانەوە نووسیویەتی: بە سعوودییەکانمان گوتووە یان باردۆخی دانی ڤیزە لە ئێران بڕەخسێنن و یان لە فڕۆکەخانە ڤیزە بدەنە حاجییە ئێرانییەکان. 

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/079ad72e-2637-41e9-9539-0b1dfc391084/Rojnamey%20dushemme.ism/manifest