ئێران ده‌ستبه‌ردارى مه‌رجه‌كانى بۆ سه‌ردانى به‌رپرسانى ژن نابێت

دیپلۆماتكارە ژنەكانی جیھان لەسەردانیكردنیان بۆ ئێران جگە لەوەی دەبێ ئاگاداری ئەو پرسە بن، كە بۆی چوونەتە ئێران، دەبێت ئاگاشیان لەوەبێت كە تەوقە لەگەڵ كەس نەكەن، ھاوكات سەرپۆشەكەشیان لەسەریان لانەچێت.

K24 – هه‌ولێر:

دیپلۆماتكارە ژنەكانی جیھان لەسەردانیكردنیان بۆ ئێران جگە لەوەی دەبێ ئاگاداری ئەو پرسە بن، كە بۆی چوونەتە ئێران، دەبێت ئاگاشیان لەوەبێت كە تەوقە لەگەڵ كەس نەكەن، ھاوكات سەرپۆشەكەشیان لەسەریان لانەچێت.

پرسی حیجابی دیپلۆماتكارە بیانییەكان لەئێران ماوە ماوە دەبێتە جێگەی سرنجی راگەیاندنە جیھانییەكان، تاوەكوو ئێستا گۆڕانكاری بەسەر یاساكەدا نەھاتووە.

له‌ دوایین سەردانی وەزیری دەرەوەی غانا بۆ ئێرانە، لەو ده‌گمەن ژنە سیاسی و دیپلۆماتكارانە كە كەمترین كێشەیان لەگەڵ سەردانەكانیان بۆ ئێران ھەیە، ئەوەیش وەكوو وەزیری دەرەوەی ئەندۆنيزیا كه‌ لە وڵاتەكەی خۆیان حیجاب دەكەن، تەوقەش لەگەڵ كەسی دیكە ناكەن. بەڵام ھەموو ژنە سیاسییەكانی جیھان وەكوو ئەو دووانە خۆش شانس نین، لە مێژ ساڵە سەردانی دیپلۆماتكارە ژنە بیانییەكان بۆ ئێران سرنجی میدیا جیھانییەكانی بۆ لای خۆی راكێشاوە، جا كێشەكەش لەوەدایە كە بەردەوام بەرپرسە باڵاكانی یەكێتی ئەوروپا و بگرە جیھان كە لایەنی بەرامبەری كێشە سیاسییەكانی ئێرانن، ژنن، زۆریش رێگەیان لەئێران دەكەوێت.

لەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 ئەنجومەنی باڵای شۆڕش بڕیاریدا، جگە لەوەی نابێ كەس لەناوخۆ بێ حیجاب بێت، دەبێ میوانە ئافرەتەكانیش بەر لەھاتنە ئێران حیجاب بكەن، تەوقەش لەگەڵ نامەحرەم نەكەن. لەو كاتەوە جارناجارێك میدیا ئوسوڵگەراكانی ئێران و راگەیاندنە ئازادەكانی رۆژئاوا بەو پرسەوە سەرقاڵن.

كاترین ئاشتۆن و فرێدریكا مۆگرینی لە 5 ساڵی رابردوودا زۆرترین سەردانیان بۆ ئێران كردووە، ئەوان بەرپرسی گەورەترین دۆسییەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج كۆ یەك بوون، ھەموو جارێكیش بەھۆی حیجابكردنیان لە ئێران دەكەوتنە بەر ھێرشی راگەیاندنەكانی رۆژئاوا. بەڵام ھەمووشیان بەقسەی پرۆتۆكۆلە دیپلۆماسییەكانی ئێرانیان نەكردووە، ئەوە ئێما بۆنینۆ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئیتاڵیایە، كە بێ حیجاب لە فڕۆكەخانەی تاران دەركەوت، ئەوەش ماریخە ئیسخاكە نوێنەری ھۆڵەندا لە پەرلەمانی ئەوروپا و ئەوەش ئەندامێكی وەفدی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا بۆ ئێرانە، لەھەمووشیاندا ئوسوڵگەراكانی ئێران ھەرایەكی گەورەیان نایەوە.

ئێستا سیاسییە ژنەكانی جیھان لەكاتی سەردانیكردنیان بۆ ئێران جگە لەوەی دەبێ باس لەپرسە سیاسییەكانی نێوانیان بكەن، دەبێ ئاگاداری جلەكان و دەستیشیان بن، كە نەكا بۆ تەوقەكردن درێژ بكرێت، ھەرگیز بەدەستی بەرامبەری نەگات, یان سەرپۆشەكەیان لابچێت.

 

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/497a3cc7-dace-42a3-892d-4df3b5674459/tawqay%20jne%20sisyekan.ism/manifest