ناڕەزاییەكانی خەڵكی بانەی رۆژھەڵاتی كوردستان بەردەوامن

ناڕەزایی دەڕبرین لەشاری بانەی رۆژھەڵاتی كوردستان بەردەوامە، ئەوان داوای كردنەوەی بازاڕچەی سنووری لەنێوان باشورو رۆژھەڵاتی كوردستان دەكەن

K24 – هه‌ولێر:

ناڕەزایی دەڕبرین لەشاری بانەی رۆژھەڵاتی كوردستان بەردەوامە، ئەوان داوای كردنەوەی بازاڕچەی سنووری لەنێوان باشورو رۆژھەڵاتی كوردستان دەكەن، ھاوكات دەڵێن: دەبێت رێی كۆڵبەرەكانیش بەفەرمی بكرێتەوە، بەرپرسانیش رایانگەیاندووە كە ناتوانن لەكاتێكی زوودا وەڵامیان لێ بگێڕنەوە.

خۆپیشاندانی كاسبكاران و خەڵكی ئاسایی شاری بانەی رۆژھەڵاتی كوردستان بەردەوامە، ئەوان دەڵێن ھەتا ئاوڕێكی جدی لەگوزەرانیان نەدرێتەوە، واز لە مانگرتن و ناڕەزایی دەڕبرین ناھێنن.

ئەو مانگرتنە لە شەممەی داھاتووەوە دەستیپێكردووە، تاكو ئێستاش بەردەوامە، دوكاندارو كاسبكارانی بانە داوای كردنەوەی بازاڕچەی سنووری نێوان باشوورو رۆژھەڵاتی كوردستان دەكەن،و دەڵێن رێگەی كۆڵبەرانیش دەبێ بكرێتەوە، چونكە گوزەرانی زۆرینەی خەڵكەكە لەرێگەی كۆڵبەری دابین دەكرێت.

تاكو ئێستا ھەنگاوی كرداری بۆ بەھاناوەچوونی خەڵكەكە نه‌نراوه‌، بەڵام عەلیڕەزا ئاشناگەر یاریدەدەری سیاسی و ئەمنی پارێزگای سنە بە ئیرنای وتووە كە ئەوان دەزانن كە سنوورەكان و رێڕەوەكانی كۆڵبەری سەرچاوەی ژیانی ئەو خەڵكەن، ھەربۆیەش ھەنگاوی جدی بۆ دەنێن.

ئەو دەڵێت ئەو بڕیارە كاتی زۆری دەوێت، و ناتوانن وادەیەكی دیاریكراو بەمانگرتووان بدەن.

ھاوكات راشید عەزیری قائیمەقامی بانەش وتوویەتی كە ھەماھەنگیان لەگەڵ پارێزگاری سنە كردووە، بۆ ئەوەی وەڵامێكی دیاریكراو بەو مانگرتووانە بدەنەوە، كە دوكانەكانیان داخستووە، لەبەردەم بینای قائیمقامییەت ماونەتەوە.

رەنگە وا بەئاسانی ئەو خەڵكە وه‌ڵام وەرنەگرێتەوە، چونكە بەرپرسانی باڵای ئێران داوای ئابوورییەكی خۆماڵی دەكەن،و لەھاوردەكردنی شتومەك خۆیان دەپارێزن.

ئەگەر حكومەت لەسەر بڕیارەكەی پێداگربێت، زیاتر لە یەك ملیۆن كوردی سنوورنشین لەرۆژھەڵاتی كوردستان تووشی قەیرانێكی گەورە دەبن، چونكە بەپێی ئاماری فەرمی ئێران تەنیا لە پارێزگای سنە 198ھەزار كەس بە فەرمی لەو سنوورانەدا كۆڵبەری دەكەن.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/824d0614-ac91-4f9c-8cb0-556b00518dc0/xopeshandan%20le%20bane.ism/manifest